گرنگ

دوای مەسیحی و تورکمان و ئەرمەن، سۆسیال دیموکرات و شیوعی و بزووتنەوە زەرەرمەندی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵین


 

دوای پێکهاتەکانی مەسیحی و تورکمان و ئەرمەن، کە بەهۆی بڕیاڕەکانی دادگای فیدڕاڵییەوە کورسییەکانیان لە پەرلەمان لە دەستداوە، هەر یەک لە بزووتنەوەی ئیسلامی و حیزبی شیوعی و حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان زەرەرمەندی سەرەکی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵین و ناتوانن کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن.

بەهۆی دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەدا، هاوشێوەی پێکهاتەکان، هەر یەک لەو سێ حیزبە کە پێشتر توانای بردنی کورسییەکی پەرلەمانیان هەبوو، بەڵام ئەمجارەیان توانای بردنی کورسی پەرلەمانیان نابێت.

بزووتنەوەی ئیسلامی لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بە هۆی هاوپەیمانێتیکردنی لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی نەیتوانی کورسی پەرلەمانی بباتەوە لەکاتێکدا لە خولەکانی پێشتری پەرلەماندا خاوەنی یەک کورسی پەرلەمانی بوو. ژمارەی دەنگەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە نێوان ١٤ تا ١٧ هەزار دەنگدایە. ئەگەر ئەو دەنگە لە یەک بازنەی هەڵبژاردن بێت شانسی بردنی کورسی هەیە بەڵام بەهۆی دابەشبوونی ئەو دەنگانە بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن ئەگەری بردنی هیچ کورسییەکیان نییە.

هەر یەک لە حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و حیزبی شیوعی کوردستان کە هەر یەکەیان خاوەنی کورسییەکی پەرلەمانین لەو خولەی پەرلەماندا، هەمان دۆخی بزوتنەوەی ئیسلامییان هەیەو بەهۆی دابەشبوونی دەنگەکانیان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا توانای بردنەوەی کورسی پەرلەمانیان نابێت.

لە یەک حاڵەتەدا ئەو سێ حیزبە شانسی بردنی کورسییان هەیە کە هەر یەکەیان لەگەڵ هێزێکی دیکە هاوپەیمانی بکات بەو شێوەیە ئەو کاندیدەی لەو لیستە هاوبەشە دایدەنێن ئەگەری بردنی کورسی هەیە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color