د.رێبوار کەریم، سەرکردەی رەوتی هەڵوێست رەخنەی توند لە پارتی و یەکێتی دەگرێت و دەڵێت "یەکێتی یەکێکی ناردوە تۆمەتی بێ ئەرزش ئاڕاستەی هەڵوێست دەکات". ئەمڕۆ فەرهاد سەنگاوی، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی بە بواری راگەیاند، لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەڕووی فیکری، پارە، هەواڵگری، پەیوەندی دەرەکییان هەیە. د.رێبوار کەریم، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی رەوتی هەڵوێست لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردۆتەوە "یەکێتی و پارتی دڵنیان کە رەوتی هەڵوێست هێزێکی مەدەنیەو خەمی گشتی هەڵگرتوەو هیچ خاڵێکی نایاسایی بەدەستەوە نەداوە. لەئێستا کەوتونەتە هەوڵی مناڵانە بۆ بێدەنگکردنی رەوتەکەمان". ناوبراو روونیکردۆتەوە "پارتی لەنێو عەلوەی ئاکرێ کادرێکمان دەستگیردەکات کە خەریکی کاروکاسبی خۆیەتی، یەکێتیش یەکێکی ناردوە تۆمەتی بێ ئەرزش ئاراستەی هەڵوێست دەکات". د.رێبوار کەریم دەڵێت "دەبێ پارتی و یەکێتی باش بزانن، ئێمە رەوتی هەڵوێستمان لەسەر ژیان و گیرفانی خۆمان دروستکردوە، ئامادەنەبوین و نابین تەنازول بۆ هیچ هێزو لایەنێک بکەین. هەرکەسێک تۆمەتێکمان بۆ دروست بکات، ئەبێ بیسەلمێنێ، دڵنیاین کە ناتوانێ بیسەلمێنێ و ئەوکات رسوای دەکەین لەبەردەم خواو خەڵک و دادگا".