كەناڵی بەغدادیە تۆمارێكی دەنگی بە ناوی سوودانی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا دەڵێت(ئەوە لە عەقڵی خەڵك بچەسپێنن ئەگەر جاری دووەمی سەرۆكایەتی من نەبێت ئەوا عێراق دەگەڕێتەوە سەر سفر). ماڵپەڕی كەناڵی بەغدادیە تۆمارێكی دەنگی بڵاوكردووەتەوە، باس لەوەدەكرێت كە تۆماری دەنگی دزەپێكراوی (محەمەد شیاع سوودانی) سەرۆك وەزیرانی عێراقە، باس لە ماوەی سەرۆكایەتی دووەمی خۆی دەكات و داوا لە لایەنەكەی تر دەكات كە قسەی لەگەڵ كردووە و نەزانراوە كێیە، ئەوە لە عەقڵی خەڵك بچەسپێنن ئەگەر سوودانی نەبێتەوە سەرۆك ئەوا هەموو شتێك دەبێت بە سفر. لە تۆمارە دەنگییەكەدا ئاماژەی بەوەشكردووە، هەڵمەتێك بۆ رای گشتی بكرێت، كە خەڵك لە خۆشگوزەرانی دەژی بیست ساڵە خەونی پێوە دەبینی، بارودۆخی عێراق 180 پلە گۆڕاوە دەبێت خەڵك بزانێ ئەگەر بۆ جاری دووەم من نەمێنمەوە ئەوا عێراق دەگەڕێتەوە سەر سفر، ئینجا خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری و مووچە نابێت، بژێویش وەك ئێستە نابێت كە خەڵك تێیدا دەژیت. تا ئێستا نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق و هیچ لایەنێكی دیكە لێدوانیان لەسەر ئەو تۆمارە دەنگییە نەداوە.