بزووتنەوەی گۆڕان- کوردسات، داوا دەکات کێشەکانی هەرێم و بەغداد بەپێی دەستور چارەسەر بکرێت و مافەکانی مووچەخۆران زامن بکرێت، هەروەها دەڵێت، زیادبونی هەژمونی حیزبی و بڕیاری حیزبی بەسەر دامەزراوە شەرعیەکاندا گەورەترین مەترسیە لەسەر ئێستا و داهاتوی کوردستان. دەقی پەیامەکەی جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی کۆبووەوە.. ڕۆژی شەمە (٦ی ئەیلولی ٢٠٢٥)، جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، کۆبونەوەی خۆی لە مەکۆی سەرەکی، بە سەرپەرشتی دانا ئەحمەد مەجید گرێدا. لەسەرەتادا، دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتی، لەسەر دواین پەرەسەندنە سیاسیەکانی ناوچەکە و کاریگەری لەسەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕونکردنەوەی پێویستی خستەڕو. لەو بارەیەوە جەختی لە یەکگرتویی ناوخۆیی کوردی و بەهێزکردنی دامەزراوەکان و سەروەری یاسا و زاڵبون بەسەر کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان کرد. لەبارەی دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، ئاماژەی بەوەکرد سەرەڕای ئەو کێشە و ئاستەنگە سیاسیی و قانونی و ڕێکخراوەییەی بۆ گۆڕان دروستکراوە، بە پشتیوانی ئۆرگان و کەسایەتیەکان؛ توانراوە بەسەر لەمپەڕەکان زاڵ بین و بۆ داهاتوش بەرنامەی خۆڕێکخستنەوەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. دواتر بەشداربوان و ئەندامانی هەردو جڤات، گفتوگۆ و ڕوانگەی خۆیان لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتوی گۆڕان و بڕیار لەبارەی پێشهاتە سیاسیەکان خستەڕو، لەو سۆنگەیەوە کۆبونەوەکە بە چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەک گەیشت، لەوانە: ئەنجامدانی کۆبونەوەی فراوان و خۆڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و گوێگرتن لە هەموو گۆڕانخوازان لەسەر ئاستی شار و شارۆچکەکانی هەرێم و ناوچە دابڕاوەکان و ڕەوەندی کوردی. بۆ ئەو مەبەستە ئۆرگانە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران بۆ ئامادەکاری و ئەنجامدان. لەبارەی پەیوەندیەکانی حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم، کۆبونەوەکە جەختی لە چارەسەری کێشەکان کردەوە لەسەر بنچینەی دەستوری هەمیشەیی عێراق و پاراستی مافەکانی هەرێم و شایستە داراییەکان، بەتایبەت زامنکردنی موچەی موچەخۆران. پەیوەندیدار بە ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، جەختکرایەوە هەرێمی کوردستان لە بازنەی قەیرانەکان دەرناچێت، ئەگەر بەخۆداچونەوەیەکی ڕیشەیی لە شێوازی حوکمڕانی لە ناوخۆ و دەرەوەی خۆی نەکات، بەر لە هەر هەنگاوێک؛ زیادبونی هەژمونی حیزبی و بڕیاری حیزبی بەسەر دامەزراوە شەرعیەکاندا گەورەترین مەترسیە لەسەر چارەنوسی ئێستا و داهاتوی کوردستان. پەلەکردن لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و بەهێزکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکان. ئەگەر نامانەوێت ئەزمونی هەرێمی کوردستان چارەنوسی دەسەڵاتە شکستخواردوەکانی ڕابردو بێت؛ پێویستە گوتارێکی نیشتمانی جێگەی گوتاری حیزبی بگرێتەوە، ئەم گوتارەش لەسەر بنچینەی پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و کورد لەناوچەکە دابڕێژرێت. لە هەمو کات زیاتر پێویستمان بە هێزێکی نیشتمانی و یەکگرتوە، کە لە ئاست چاوەڕوانیەکان و قوربانیدانئ خەڵکی کوردستان بێت. خەڵکی کوردستان، قەیرانێکی تاقەتپڕوکێنی سیاسیی و دارایی و دامەزراوەیی بەڕێکرد، بەڵام گەلەکەمان لەبەردەم دەرفەت و ئاڵانگاریدا؛ فرسەتی بەردەمی زیاترە، وەک لە مەترسی، لەو چوارچێوەیەدا ئێمە لە هەمو کات زیاتر پشتمان بە خەڵک ئەستورە، بێگومان ئەم نائومێدیەش تێدەپەڕێت، دواجار خەڵکی کوردستان سەردەکەوێت. جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ٦ی ئەیلولی ٢٠٢٥