گرنگ

سەرجەم هەوڵەکانی بەشداری کردنی ڕاکان جبووری لە هەڵبژاردن شکستی هێنا

2025-09-07

 

دوای دوور خستنەوەی لە سەرۆکی لیست کاندیدبوون بۆ پەرلەمانی عێراق، لەلایەن کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ڕاکان جبوری پارێزگاری پێشووی کەرکوک چەند هەوڵێکیدا بە ئاڕاستەی گەڕانەوەی بۆ ناو هەڵبژاردن و لادانی فەرمانی دوور خستنەوەی. بەپێی زانیارییەكان، هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی ڕاكان جبوری لەلایەن خۆی و حیزبی سیادە و وڵاتێکی ئیقلیمیەوە دراون، بەڵام هەوڵەكان بێ ئەنجام بوون. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ململانێکانی ناو هێزە عەرەبیەكانی كەركوك بەبواری ڕاگەیاند "هاوپەیمانی عەرەبی، لە دەستەی دادوەری هەڵبژاردن و لەکۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن تانەی لەدوور خستنەوەی ڕاکان جبوری داوە. لەپشت پەردەشەوە خەمیس خەنجەر و خودی ڕاکان جبوری پەیوەندییان بە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە کردووە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە دووبارە گێڕانەوەی ڕاکان جبووری بۆ گۆڕەپانی هەڵبژاردن". بەپێی زانیارییەكان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق فشاری کردووە بۆ گێڕانەوەی ڕاکان جبووری و پەیوەندی بە سەرۆک وەزیرانی عێراق و چەند لایەنێکی سیاسییەوە کردووە، بەڵام هیچ لایەنێک نەچووەتە ژێر فشارەکان و هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون. مانگی ڕابردوو کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ڕاکان جبوری پارێزگاری پێشووی کەرکوکی لە بەشداری هەڵبژاردن دوورخستەوە، بەهۆی بوونی چەند داوایەکی یاسای لەسەری کە لە ماوەی حەوت ساڵی ئیدارەی پێشوی کەرکوک لە پڕۆژەکان گەندەڵی گەورەو ڕێکخراو ئەنجامدراون.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color