گرنگ

هەڕەشەى دوورخستنەوە لەسەر چەند ئەندامێکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک دەکرێت

2025-09-09

 
ئەندامانی پارتی دیموکرات و بەرەى تورکمانى و هاوپەیمانی عەرەبی لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، ناچار دەکرێن بایکۆت بشکێنن و بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنەکە. سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەیەوێت کۆتایی بە بایکۆتی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەن بهێنێت و بەنیازە یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانیان لەسەر جێبەجێبکات، بەمەش ناچاریان بکات بایکۆت بشکێنن و بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن بکەن. لە سێ مانگی داهاتوو تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک نیوەی خولەکەی تەواو دەکات، بەڵام تا ئێستا دوو ئەندامەکەی پارتی و ئەندامێکی تورکمان و دوو ئەندامی هاوپەیمانی عەرەبی بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنەکەیان نەکردووە. سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا بەپێی یاسای فەرمانبەران مامەڵە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەن دەکات بەو پێیەی ئەندامانی ئەنجومەن فەرمانبەری دەوڵەتن و سەرۆکی ئەنجومەن ڕۆڵی بەڕێوەبەر دەبینێت و بەرپرسی ئیداری ئەندامانی ئەنجومەنە و ڕێکاری ئامادەنەبوون دژی ئەو ئەندامانە دەگرێتەبەر، کە بایکۆتیان کردووە. بە گوێرەى زانیارییەکان، ڕێکارەکان سزای دارایی و غیابدان دەگرێتەوە تا ڕێکاری لە کارخستن و داواکردن لە کۆمسیۆن بۆ دانانی شوێنگرەوەش بۆیان دەگیرێتە بەر. ماوەى دوو ساڵە هەریەک لە فراکسیۆنەکانی پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان کردووە و ڕێکەوتنی پێکهێنانی ئیدارەی کەرکوک ڕەتدەکەنەوە و تائێستا بەشدارى هیچ کۆبوونەوەکیان نەکردووە. لە ماوەى رابردووش، لە دادگاى فیدراڵى سکاڵایان لەسەر رێکارەکانى پێکهێنانى ئیدارەى کەرکوک و هەڵبژاردنى پارێزگار تۆمارکرد، بەڵام دادگاى فیدراڵى سکاڵاکەى رەتکردەوە و رێکایەکانى بە یاسایی ناساند.
 
 
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color