گرنگ

دوو سیناریۆی جیاواز بۆ ئایندەی عەلی حەمە ساڵح و ڕەوتەکەی

2025-09-09

 

چەند رۆژێکە میدیایی یەکێتى نیشتمانى کوردستان و بەشێک لە بەرپرسانى و کەسانى ناسراوى ئەو حزبە دەستیان بە هەڵمەتێکى میدیایی و هێرش بۆ سەر عەلى حەمەساڵح و رەوتەکەى، رەوتى هەڵوێست کردووە. پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچى لەم کاتەدا، دەست بەو هەڵمەتە میدیاییە کراوە، بەتایبەتى دواى ئەوەى لە کۆتایی مانگى ئاب، یەکێتى لە رێى دادگا و هێرش بۆ سەر لالەزار، هەردوو سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ شاسوار عەبدولواحید و بەرەى گەل لاهور شێخ جەنگى لە گۆڕەپانى سیاسى تاڕادەیەک دوورخستەوە. جگە لەو پرسیارە، پرسیارێکى دیکەش دەکرێت، کە ئەویش ئەوەیە، دواى شاسوار عەبدولواحید و لاهور شێخ جەنگى نۆرە دێتە سەر عەلى حەمەساڵح و رەوتەکەى، یاخود ئەمە ئامادەکارییە بۆ پرسێکى دیکە؟ دوو خوێندنەوە بۆ وەڵامى ئەو دوو پرسیارە هەیە، یەکەم ئەوەیە، یەکێتى دەیەوێت بەم هەڵمەتە میدیایی دەنگى ناڕازى شەقام بۆ عەلى حەمەساڵح رابکێشێت و زۆرترین دەنگى بۆ کۆبکاتەوە بەو پێیەى رەوتى هەڵوێست لەو حزبە نزیکە و سەر بە بەرەى ئێرانە، ئەوەش وەک جێگرەوەیەک بۆ شوێنى شاسوار عەبدولواحید و لاهور شێخ جەنگى، وەک لایەنێکى سەرەکى ئۆپۆزسیۆنى لە هەرێم نیشان بدرێت. خوێندنەوەى دووەمیش ئەوەیە، بە پێچەوانەوە، یەکێتى نەک نایەوێت عەلى حەمەساڵح بکاتە جێگرەوەى ئەو دوو سەرکردەیە، بەڵکو ئێستا نۆرەى ئەو هاتووە و بەم نزیکانەش وەک شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ و لاهور شێخ جەنگى سەرۆکى بەرەى گەل لە گۆڕەپانەکە دووردەخرێتەوە. بە گوێرەى زانیارییەکانى بوار، ئەم چەند رۆژە هەڵمەتى میدیایی بۆ سەر عەلى حەمەساڵح و رەوتى هەڵوێست بەردەوام دەبێت و رەنگە چەند رێکارێکیش لە دژیان بگیرێتە بەر.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color