مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق نزیکن لە چارەسەری تەواوی کێشەکان. مەسرور بارزانی لە پێشانگای وەبەرهێنانی خانووبەرە رایگەیاند "خۆشحاڵین کە وەبەرهێنەری وڵاتانی دیکە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ وەبەرهێنان ئەمەش دەرخەری سەقامگیری ئاسایشی کوردستانە. هەر بۆیە سوپاسی ماندووبوونی پێشمەرگەی کوردستان دەکەم". هەروەها ئاماژەی بەوەکرد "هەوڵمان داوە سەرجەم کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ چارەسەر بکەین و ئێستا شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدان، نزیکین لە چارەسەری تەواوی کێشەکان". مەسرور بارزانی وتیشى " گرفت نەماوە بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، تەنها ئەوەیە کۆمپانیاکانی بواری نەوت داوای دەستبەرکردنی گرێنتی لە حکومەتی عێراق دەکەن".