دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە چارەنووسی سەرکردەکانی بزووتنەوەکە تا ئێستا نادیارە، لە کاتێکدا دوو سەرچاوەی بزووتنەوەکە لە دەوحە ڕایانگەیاندووە، شاندی بزووتنەوەکە لە دەوحە لە هێرشەکە ڕزگاریان بووە، میدیا فەرمییەکانی ئیسرائیلیش ڕایانگەیاندووە، خەمڵاندنەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن، شەش سەرکردەی حەماس کوژراون. دوو سەرچاوەی حەماس بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، شاندی بزووتنەوەکە بۆ دانوستانەکانی ئاگربەست لە دەوحە لە هێرشی ئیسرائیل ڕزگاریان بووە. هەروەها میدیاکانی قەتەر بڵاویان کردەوە، شاندی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر ڕزگاریان بووە. لەبەرامبەردا کەناڵی 12ـی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، خەمڵاندنەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن، شەش بەرپرسی باڵای حەماس کوژراون. پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، سوپای ئیسرائیل ئەنجامدانى هێرشی سەر سەرکردەکانی حەماسی لە دەوحە راگەیاند. ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل و دەزگاى هەواڵگرى ئیسرائیل سەرکردایەتی حەماسیان لە دەوحە بە ئامانج گرت و هێرشەکەش زۆر بە وردى ئەنجامدراون. بە گوێرەى زانیارییەکانى رادیۆکە، ئەو سەرکردانەی حەماس کراونەتە ئامانج ساڵانێکە سەرکردایەتی چالاکییەکانی حەماسیان کردووە و بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی هێرشى حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل بوون.