جۆشوا هاریس دیپلۆماتکاری ئەمریکی بە فەرمی ئەرکەکانی وەک ڕاوێژکاری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد وەرگرتن و رۆژى شەممە دەستبەکاربوو. ئەم پێشهاتە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی کردەیی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەگەری داڕشتنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات. هەروەها هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونى گرژییەکانى ناوچەکە و ئەگەرى پێکدادانى نوێ لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بۆنەی دەستبەکاربوونی لەگەڵ هاریس لە بەغداد لە نووسینگەکەى کۆبوونەوە و بەگوێرەی بەیاننامەیەکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سودانی جەختی لە "گرنگی پەیوەندیی ستراتیژی دووقۆڵی نێوان عێراق و ئەمریکا و پێویستی زیادکردن و پەرەپێدانی هەماهەنگی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکان بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات کردووەتەوە. نووسینگەى سودانى لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە بارودۆخی ناوچەکە و پرسە سەرەکییە نێودەوڵەتییەکان و پرسە گرنگەکانی هەردوولا کراوە، بیروڕایان لەسەر ئاڵوگۆڕ کردووە، هەروەها گەڕان بەدوای ڕێگاکانی هاوکاریکردن بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیری ناوچەکە و کەمکردنەوەی گرژی و وەستاندنی بەردەوامی ململانێکان و ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێکانیش کردووەتەوە". وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە 25ی ئابدا دەستنیشانکردنی هاریس وەک ڕاوێژکاری کاروباری باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا راگەیاند، پێشتر ستیڤن فاگین، لە ٢٨ی ئایاردا بە کاتى دەستبەکاربوو بوو، ئەمەش دوای چەند مانگێک لە بەتاڵی و دواکەوتنی دانانی باڵیۆزێکی نوێی ئەمریکا بۆ جێگرتنەوەی باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا ئیلێنا ڕۆمانۆڤسکی، کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا پۆستەکەى بەجێهێشت. بڕیارە هاریس کۆمەڵێک ئەرکى گرنگ لە ئەستۆ بگرێت، دیارترینیان چڕکردنەوە گفتوگۆیە لەگەڵ حکومەتەکانی بەغداد و هەولێر سەبارەت بە هاریکاریی سیاسی و ئەمنی و ئابووری، بەگوتەی بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کە بە مەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکرێت بۆ عەرەبی جەدید، "بەڕێوەبردنی قۆناغی دیپلۆماسی ئێستا ئەرکێکی زۆر گرنگە، کە هاریس لە ئەستۆی دەگرێت، دڵنیابوون لە سەروەری عێراق". ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەتی عێراق واشنتۆنی ئاگادارکردووەتەوە لە ئامادەیی خۆی بۆ بەهێزکردنی چوارچێوەی هاوکاری ستراتیژی. جوشوا هاریس دیپلۆماتکارێکی دێرینی ئەمریکییە و ئەزموونی زۆری لە سیاسەتی دەرەوەی هەیە، پێشتر وەک یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک، ئەفسەری سیاسەت بۆ نێردەی سەرۆکایەتی لە هاوپەیمانی جیهانی و بەڕێوەبەری فایلی عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، کاری کردووە. شارەزای زمانی عەرەبی و زمانەکانی ترە وەک فارسى و چەند زمانێکى دیکە، دەستبەکاربوونی هاریس لە کاتێکدایە، کە دووبەرەکییەکی سیاسی توند لەنێوان هێزە عێراقییەکان سەبارەت بە هاوبەشی لەگەڵ واشنتۆن دروستبووە، هەندێکیان پشتیوانی دەکەن و هەندێکی دیکەش ڕەتدەکەنەوە.