عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست گەندەڵی گەورەی فرۆشتنی زەوی لە سلێمانی بەشێوەی نایاسایی ئاشكرا دەكات و دەڵێت "بایی یەك ملیار دۆلار زەوی بە نایاسایی فرۆشراوە"، بۆیە وەك ئەو ئاماژەی پێدا، ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی دەدەنە دادگا. عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گەندەڵی گەورەی لە فرۆشتنی زەوی لە سلێمانی بەشێوەی نایاسایی ئاشكرا كرد و رایگەیاند "دۆسیەی زەوییەكانی سلێمانی گەندەڵییەكی زۆر رێكخراوە، لە دەرەوەی یاسا و حكومەت نزیكەی 80 هەزار زەوی مەتر مەتر كراوە و لە بازاڕدا بەشێوەیەكی نایاسایی دەفرۆرشێت، كۆمپانیایەكیان دروستكردووە لە سەرچنار، هەرچی زەوی پشت ناوچەی 100 مەتری، پشتی هەواری شار، راپەڕین، قەلەڕەیسی هەیە بەبێ حكومەت و یاسا، مەتر مەتری دەكەن و شۆفڵی لێدەدەن و دەڕۆن لەو كۆمپانیایەك فۆرمی بۆ دروست دەكەن بە 200 هەزار و زەوییەكان دەفرۆشن، ئەو كۆمپانیایە نووسراو بۆ شارەوانی دەكات و مۆڵەتی دروستكردنی بیناش دەدەن، بایی نزیكەی 1 ملیار دۆلار زەوییان فرۆشتووە". عەلی حەمەساڵح وتی "جگە لەوەش، لە راپەڕین باخچەیەكیان برد و كردیانە 104 پارچە و فرۆشتیان بە 5 ملیۆن دۆلار، تەنانەت 52 عەقاراتیان داناوە بۆ فرۆشتنی زەوی، بەڵام لە بەرامبەردا زەوی بۆ فەرمانبەران لە دەرەوەی شار دابەش دەكرێت كە 72 ساڵی دیكە خزمەتگوزاری پێناگات، ئێمە لەو رووەوەشەوە هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی دەدەینە دادگا".