بافڵ تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، هیوادارن شاندی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی لە زووترین کات بگەنە ئەنجام و حکومەتێکی خزمەتگوزار پێک بێت. بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عیراق کردووە و گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکە کراوە. بەپێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە "لە هەوڵەکانمان بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی هەرێم و بەغداد بەردەوامین و هیوادارین هەموو لایەک پابەندی رێککەوتنەکان بن". لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی وتویەتی "هیوادارم گفتوگۆکانی شاندی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی لە زووترین کاتدا بگاتە ئەنجام و حکومەتێکی خزمەتگوزار پێکبهێنرێت".