راوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دۆخی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان بە مەترسیدار ناودەبات و دەڵێت، نابێت چاوەڕێی جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوور بین، چونكە ئەگەر حكومەتی فیدراڵی بۆی بكرێت، هەڵیدەوەشێنێتەوە. رێبوار تاڵەبانی، راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، دۆخی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان نایاسایی، نادەستووری و ناتەندروستە، ئەگەر بەر لە ساڵی 2003 زیاتر لە 200 هەزار كەس لە هۆز و عەشیرەكانی عەرەب هاوردەی كەركووك كرابن، لەدوای رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەرەوە دووهێندە و سێ هێندە زیادیان كردووە. ئاماژەی بەوەشكردووە، كەركووك بووەتە سەربازگەیەك كە تێیدا هیچ ئازادییەك بۆ كوردی رەسەنی شارەكە نەماوە، دوای 16ی ئۆكتۆبەر بەعەرەبكردن دووهێندە یان سێ هێندە زیادیكردووە، گەڕەك هەیە لە كەركووك دروست كراوە كە بە رادەی 35 ساڵی دەسەڵاتی حیزبی بەعس، عەرەبی بۆ هاوردە كراوە، پێویستە هەڵوێستی دەستووری و یاسایی وەربگیرێت، ئێستا خەڵكی رەسەنی شارەكە بوونەتە میوان و خەڵكی نامۆش بوونەتە خاوەن ماڵ راوێژكارەكەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەوەشی وتووە، نابێت ناكۆكی سیاسی نێوان لایەنەكان ببێتە ئاستەنگی بەردەم یەكڕیزی لەسەر پرسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و پێویستە سەرجەمیان لە بەغدا بەو مەرجە بچنە نێو حكومەتەوە كە ئەگەر دەستوور جێبەجێ نەكرێ، ئەوە كورد نابێتە بەشێك لەو حكومەتەی ستەمی لێدەكات.