گرنگ

حکومەتی عێراق لەخانەقین هەشت بیری نەوت لێدەدات

2025-09-13

 

حکومەتی عێراق بێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کێڵگەی نەفتخانە لە خانەقین گرێبەستی لێدانی هەشت بیری نەوت و غازی ئەنجامدا کە ئەو ناوچەیەش لە سنوری ماددەی ١٤٠ە. بەپێی گرێبەستەکە هەردوو کۆمپانیای NK پتڕۆڵیۆم و DMCC ئۆنگمان هەشت بیر لەکێڵگەکە لێ دەدەن و بەمزووانە یەکەم بیر لە تەل غەزال لە کێڵگەکە لێ دەدرێت. لێدانی ئەو هەشت بیرە لە نەفتخانە لەچوارچێوەی گرێبەستی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای جیۆچیدی چینیدایە کە ئەرکی پەرەپێدانی کێڵگەکەی لە ئەستۆیە و بڕیارە نەوت و غاز لەکێڵگەکە بەرهەم بهێنێت و غازی کێڵگەکە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکار بهێنرێت. قوڵایی بیرەکان لەنێوان ۳٥۰۰ تا پێنج هەزار مەتر دەبێت و بەشێکە لە پلانێکی درێژخایەن بۆ ئەوەی لەڕووی بەرهەمەوە کێڵگەی نەفتخانە وەک یەکێک لەکۆنترین کێڵگەکانی عێراق بگەیەنرێتە ئاستی کێڵگە گەورەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز لەعێراق. کێڵگەی نەفتخانە دەکەوێتە سنوری قەزای خانەقینی پارێزگای دیالەوە و ڕووبەری کێڵگەکە ۲٤٥۰ کیلۆمەترە و بەشێکی کێڵگەکە هاوسنوری ئێرانە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color