درەنگانی شەوی ڕابردوو لە ئۆتۆمبیلێكی جۆری لاندكرۆزەر تەقە لە بارەگای ناوچەی دووز خورماتوی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێت، هاوكات بەوتەی بەرپرسانی پارتیش ئەو كەسانەی تەقەیان كردووە سێ كەس بوون و پێدەچێت سەرخۆش بووبن. بەگوێرەی زانیارییەكانی بوار كە لەسەرچاوەیەك لە لقی ۲٥ی دەوروبەری كەركوكی پارتی وەریگرتوون ئەوە خراوەتەڕوو، درەنگانێكی شەوی ڕابردوو سێ كەس كە گومان دەكرێت سەرخۆش بووبن و لەژێر كاریگەری خواردنەوەی مادە كهولیەكان تەقەیان كردوە و هەڵهاتوون بەڵام هێزە ئەمنیەكان توانیویانە دوو كەسیان دەستگیر بكەن و لەهەوڵی دەستگیركردنی كەسی سێهەمدان . ئاماژەی بەوەشكرد، تەقە كردنەكە زیانی گیانی نەبووە، ئەو كەسانەشی تەقەیان كردووە لە ناو ئۆتۆمبێلێكی جۆری لاندكرۆز بوون و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە و بەدوای كەسی سێەمی تەقەكەرەكاندا دەگەڕێن. ئەوەش لەكاتێكدایە كە ماوەی حەوت ساڵە پارتی لە قەزای دووز خورماتوو بارەگاكەی داختسبوو بەهۆی ڕووداوەكانی ئۆكتۆبەرەوە، هاوكات دوای ساڵێك لەگەڕانەوەی پارتی و كردنەوەی بارەگای حزبەكەیان لەو قەزایە، ئەوە یەكەمجارە بارەگای پارتی ڕووبەڕووی دۆخێكی وەها بێتەوە،بەڵام لەماوەی هەفتەیەكدا ئەمە دووەم ڕووداوی لەو شێوەیەیە لەدەوروبەری كەركوك و شەو هەشتی ئەم مانگە لە ئۆتۆمبێلێكەوە تەقە لە كۆمیتەی ڕێكخستنی حزبی شیوعی لە قەرەهەنجیر كرا.