حكومەتی ئەلبانیا بۆ یەكەمجار وەزیرێكی ژیریی دەستكرد دادەنێت و ئەركی سەرەكیی ئەو وەزیرە ئەوەیە ببێتە چاودێر بەسەر حكومەتەوە و رووبەڕووی گەندەڵیی ببێتەوە. ئێدی راما، سەرۆكوەزیرانی ئەلبانیا ڕایگەیاند: بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە كابینەی نوێی حكومەتەكەیدا وەزیرێكی ژیریی دەستكردی داناوە، ئەو وەزیرە كە مۆدێلێكی ژیریی دەستكردە، ناوی (دیێلا)یە كە بە زمانی ئەلبانی بە واتای (خۆر) دێت. ئاماژەبەوەشكراوە، چەند رۆژێك لەمەوپێش لەگەڵ راگەیاندنی كابینەی نوێی حكومەتی ئەو وڵاتە، ئەو وەزیرە نوێیەش دەستنیشان كرا و سەرۆكوەزیران وەك ئەندامێكی كابینەكەی ناساندی و رایگەیاند، لەڕێگەی ئەو وەزیرە نوێیەوە، دڵنیا دەبێتەوە لەوەی "تەندەرە گشتییەكان 100٪ بێ گەندەڵی دەبین و چونكە پرسی دابەشكردنی تەندەرە گشتییەكان بۆ ماوەیەكی درێژ، سەرچاوەی سەرەكیی گەندەڵی بووە لە ئەلبانیا. دیێلا لە سەرەتای ئەم ساڵدا وەك یاریدەدەرێكی ئۆنڵاین لە پلاتفۆرمی خزمەتگوزاریی گشتیی دەستی بە كاركردن كردووە و هاوكاریی بەكارهێنەرانی كردووە بۆ گەشتكردن بە ناو ماڵپەڕە خزمەتگوزارییەكان و دەستڕاگەیشتن بە نزیكەی یەك ملیۆن بەڵگەنامەی دیجیتاڵی. بە گوێرەی ئامارە فەرمییەكان، تائێستا ئەو ژیریی دەستكردە هاوكار بووە لە دەركردنی 36,600 بەڵگەنامەی دیجیتاڵی و نزیكەی 1,000 خزمەتگوزاری لە رێگەی پلاتفۆرمە ئۆنڵاینەكانەوە پێشكێش كردووە. هەرچەندە ئەو بڕیارەی حكومەتی ئەلبانیا نوێیە، بەڵام هەموو ئەلبانییەكانیش زۆر متمانەیان بەو وەزیرەش نییە و و یەكێك لە بەكارهێنەرانی تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك لەبارەی ئەو دەستبەكاربوونی وەزیری "دژە گەندەڵی ژیریی دەستكرد"، نووسیویەتی "تەنانەت دیێلاش لە ئەلبانیا گەندەڵ دەبێت." یەكێكی دیكەش دەڵێت، "دزیی بەردەوام دەبێت و دیێلا تاوانبار دەردەچێت. بنەبڕكردنی گەندەڵی فاكتەرێكی سەرەكییە لە هەوڵەكانی ئەلبانیا بۆ پەیوەندیكردن بە یەكێتی ئەورووپاوە. پارتی سۆسیالیستی دەسەڵاتدار، كە چوارەمین خولی حوكمڕانی بەدەست هێنایەوە، رایگەیاندووە، دەتوانێت لە ماوەی پێنج ساڵدا ئەندامێتیی یەكێتیی ئەورووپا بۆ ئەلبانیا بەدیبهێنێت و گفتوگۆكان تا ساڵی 2027 كۆتاییان دێت.