پارێزگاری كەركووك ئاماژە بەوەدەكات، لایەنێكی كوردی لە سەرەتای درووستبوونی ئیدارەی نوێی كەركووكەوە دژایەتیمان دەكات، گەیشتووە بەوەی نوێنەرەكانیان ناردووە بۆ دادگای فیدراڵیی بۆ دژایەتیكردنی ئیدارەی كەركووك ڕێبوار تەها، پارێزگاری كەركووك ڕاگەیاند: هەر لە سەرەتای درووستبوون و پێكهێنانی ئیدارەی نوێی كەركووك دووچاری سەختی و ئاڵنگاری زۆر بووینەوە، گەورەترینیان ئەوەبوو هەر لەنێو پێكهاتەكەی خۆمان و هەر لەنێو كورد دژی ئەم ئیدارەیەی ئێستا زۆر بەتوندی وەستانەوە، تەنانەت گەیشتە ئەوەی نوێنەرەكانیان نارد بۆ دادگای فیدراڵیی و سكاڵایان دژی ئیدارەی كەركووك و خوودی ئێمە وەك پارێزگار تۆمار كرد. ئاماژەی بەوەشردووە، سوپاس بۆ خوا ئیرادەی گەلەكەمان و ئیرادەی كەركووكییەكان توانیمان زاڵبین بەسەر هەموو ئەو دژایەتییانەی لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردوودا بەرامبەر ئەم حكومەتە كردیان، كێشە و گرفتەكانی كەركووك كەم نین و زۆرن كێشە و گرفتی ٢١ساڵی ڕابردوو بە شەو و ڕۆژێك چارەسەر نابێت، نامانەوێت كێشە و گرفتەكان بەهێز چارەسەر بكەین، بەڵكو دەمانەوێت ڕێگا چارەیەكی باش بدۆزینەوە، دەمانەوێت بەڕێگەی ڕێنمایی و یاساكان كار بكەین. پارێزگاری كەركووك ئەوەشی خستوەتەڕوو، بابەتی زەوی جوتیاران بابەتێكی گرنگە، هەنگاوی باشمان ناوە بۆ ئەوەی چارەسەری بكەین، تەنها یەك بڕگە ماوەتەوە، ئەویش لای سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانییە، كە پەسەندی ڕێنماییەكان بكات، هەركات ڕێنماییەكانی پەسەند كرد وەك ئیدارەی كەركووك وەك خۆی یاساكە جێبەجێ دەكەین.