گرنگ

وردبینی لیستی موچەی مانگی حەوت و هەشت لە بەغدا کۆتایی هاتووە

2025-09-18

 

لیستی مووچەى مانگەکانی حەوت و هەشت لە بەغدادن و وردبینیان بۆ کراوە و هەردوو لیستەکەش پەسەند کراون، لیستى مووچەى مانگى نۆش لە ئامادەکردندایە و بەم نزیکانە رەوانەى بەغداد دەکرێت. بە گوێرەى بەدواداچوونەکانى بوار ماوەى مانگێک دەبێت وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان هەردوو لیستى مووچەى مانگەکانى حەوت و هەشتى بە جیا ناردووە بۆ بەغداد. هەر بە گوێرەى بەدواداچوونەکان هەردوو لیستەکە دواى گەیشتیان بە دەست بەغداد، لیژنەى وردبینى دەستى بە وردبینى لە لیستەکان کردووە و وردبینییەکانیش هیچ کێشەیەکیان نەبووە. لەبارەى ئامادەکردنى لیستى مووچەى مانگى نۆ و ناردنى بۆ بەغداد، سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێم بۆ بوار ئاشکرایکرد، گەنجینەکان و یەکە ژمێریارییەکان راسپێراون بۆ ئەوەى بەزوویی لیستى مووچەى مانگى نۆش ئامادەبکرێت، کە دواى تەواوبوونى ئامادەکارییەکان، ئەویش راستەوخۆ دەنێرێت بۆ بەغداد. ئەمە لەکاتێکدایە، هەردوو حکومەتى هەولێر و بەغداد رەشنووسێکیان بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت ئامادەکردووە و بڕیارە لەسەرى رێکبکەون، کە ئەو رێککەوتنە کاریگەرى لەسەر بڕیارى ناردنى مووچە دەدات، ئەمە جگە لە بەردەوامى گفتوگۆکان لەبارەى داهاتى نانەوتى هەرێم، کە ئەنجامى ئەو گفتوگۆیانەش کاریگەرى لەسەر بڕیارى ناردنى مووچەش دەبێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color