گرنگ

گۆڕانی گردەکە: دەنگۆ هەیە پێشێلکارانی دەستور، پلنیۆم ببەستن

2025-09-18

 

بزووتنەوەی گۆڕان- گردی زەرگەتە ئاشکرای دەکەن، کە دەنگۆ هەیە"پێشێلکارانی دەستور" کە مەبەستیان گۆڕانی کوردساتە، رۆژی شەمە "پلنیۆم" ببەستن، بەڵام ئەوان هەڵسوڕاوان ئاگادار دەکەنەوە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە نەکەن. دەقی راگەیەنراو.. پەیام و ئاگاداری بۆ گۆڕانخوازان ئەندامانی دەستەی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان سڵاو و رێزی تایبەت، دەنگۆی ئەوە هەیە رۆژی شەممە، ٢٠ی ٩ی ٢٠٢٥ لە شاری سلێمانی پێشێلکارانی دەستوری گۆڕان و بەرنامەی سیاسی و هەموو بنەماکانی قانون و کاری رێکخراوەیی، کۆبونەوەیەک بە ناونیشانی (خۆ رێکخستنەوە، کاری پێکەوەیی و ئاشتەوایی) لە شاری سلێمانی ئەنجام بدەن. ئەم پەیام و ئاگادارییە بۆ ئاشکراکردنی راستیەکان ئاراستەی بەڕێزتان ئەکەین: ١- ئەو کۆبونەوەیە کە جارێک ئەڵێن پلینیۆمە (پلینیۆم لە دەستوری گۆڕان هەر بونی نیە)، یان کۆبونەوەی فراوان یان کۆنفرانس هیچ پەیوەندییەکی بە مەکۆی سەرەکی گۆڕان لە گردی زەرگەتەوە نیە. نە کاری پێکەوەییە و نە بۆ ئاشتەواییە! ٢- کاتێک پەیوەندی لەگەڵ هەڵسوڕاوان دەکەن بە درۆ دەڵێن کە کۆبونەوەی هەردو لایە یان بۆ ئاشتەواییە. ئەمەش دورە لە راستییەوە و ئەو بەڕێزانە هەرچی پرۆژەی ئاشتەوایی هەیە رەتیانکردۆتەوە. ٣- لە ١٣ی ٤ی ٢٠٢٥ هەموو سیفەتێکی قانونیان لەدەستداوە، ئەمەش بە نووسراوی فەرمی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کە لە فەرمانگەی گشتی پارت و رێکخراوە سیاسیەکانەوە دەرچوە. ٤- مەرامی پشت ئەم جۆرە کۆبونەوانە بۆ فریودانی گۆڕانخوازانە چونکە بە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیاران (٦) مانگ دەرفەت دراوە بە گۆڕان، تاکو کێشەکانی چارەسەر بکات. ئەم کارانە بۆ تێکدانی دۆخەکەیە. ٥- ئاگاداری سەرجەم (هەڵسوڕاوان، مەکۆکان و ئەندامانی دەستەی گشتی) ئەکەین کە خۆیان بە دوور بگرن لە بەشداری لەو کۆبونەوەیە، چونکە هیچ پەیوەندی بە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەوە نیە. ٦- دوپاتی دەکەینەوە کە پابەندین بە پەیام و بەرنامەو دەستووری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان و رەوانشاد نەوشیروان مستەفاوە، هاوتەریب بە کردەوەش سەلماندومانە پابەند بووین بە سەرجەم بڕیارو راسپاردە قانونییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە، کە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا پەیڕەو کراوە. لەگەڵ رێزدا. بزوتنەوەی گۆڕان مەکۆی سەرەکی لە گردی زەرگەتە ١٨ی ٩ی ٢٠٢٥

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color