گرنگ

ئێران زەنگی مەترسی لێدا و چەكی ئەتۆمی دروست دەكات

2025-09-21

 

بەرپرسێكی ئێرانی توانای وڵاتەكەی بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی ئاشكراكرد و رایگەیاند، ئەگەر گەمارۆكانی وڵاتانی ئەوروپا چالاكبكرێت، ئەوە ئەو هەنگاوە دەنێین. كامەران غەزنفەری، ئەندامی لیژنەی ناوخۆیی پەرلەمانی ئێران، پشتڕاستی كردەوە كە وڵاتەكەی تا ئێستا چەكی ئەتۆمی دروست نەكردووە، بەڵام توانای ئەو كارەی هەیەو دەتوانێت چەكی ئەتۆمی دروست بكات. ئەم لێدوانە لە كاردانەوەی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بوو، كە سزاكانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە. غەزنفەری ئاماژەی بەوەدا، "تاران دەتوانێت ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 90% بەرزبكاتەوە، كە ئەوەش ئەوپەڕی توانای ئێران لە دروستكردنی چەكی ئەتۆمی نیشان دەدات، ئەگەر دوژمن چەكی ئەتۆمی دژی ئێمە بەكاربهێنێت، دەتوانین لە ماوەیەكی كورتدا چەكی ئەتۆمی دروست بكەین و وەڵامی بدەینەوەو بە چەكی ئەتۆمی هێرش بكەینە سەری. لای خۆیەوە، قادری گودەرزی، وتەبێژی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی شۆرای ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، "پەرلەمان لە بەرامبەر كاراكردنی سزاكان بێدەنگ نابێت و بڕیارێكی یەكلاكەرەوە دەدات، هاوكات ئەوەی لەلایەن هەندێك زلهێزی ڕۆژئاوا پێشنیار دەكرێت هیچ كاریگەرییەكی كردەیی نییە، بەڵكو هەنگاوێكی پڕوپاگەندە و دەروونناسییە، ئێرانیش ملكەچی ئەوان نابێت. بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا پرۆسەیەكی ٣٠ ڕۆژەیان بۆ چالاككردنی "میكانیزمی سناپباك" دەستپێكردووە، تارانیان بە پابەندنەبوون بە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە تۆمەتبار كردووە، لە بەرامبەردا تاران هەڕەشەی كشانەوەی لە پەیمانی قەدەغەكردنی بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی كرد ئەگەر میكانیزمەكە چالاك بكرێت. ئەوەش لەكاتێكدایە كە رۆژی هەینی لەسەر داوای سێ وڵاتی ئەوروپی، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان سزاكانی سەر ئێرانی چالاككردەوە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color