وەزارەتی جەنگی ئەمریكا، راپۆرتی داواكاریی بودجەی سندووقی راهێنان و پڕچەككردنی دژە داعش بۆ ساڵی دارایی 2026 بڵاوكردەوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە بۆ ساڵی داهاتوو 61 ملیۆن دۆلاری بۆ پێشمەرگە تەرخان كردووەهاوكات پێدانی هاوكاری دارایی بۆ پێشمەرگە تامانگی نۆی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت. راپۆرتەكە ئاماژە بە گۆڕانكارییەكی گەورە بۆ هێزی پێشمەرگە دەكات، بەو پێیەی هاوكارییە داراییە راستەوخۆكانی ئەمریكا كۆتاییان دێت، لە كاتێكدا بودجەی چەك، ئۆتۆمبێل و راهێنان فراوان دەكرێت. وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا دەڵێت، هێزە ئەمنییەكانی كوردستان (KSF) بە پێشمەرگە ناسراون و هێزە چەكدارە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستانن، ئەوان سەر بە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەن و بەرپرسن لە بەرگریكردن لە هەرێم، پڕكردنەوەی بەرەی باكوور و ئەركە هاوبەشەكان لەگەڵ هێزەكانی ئاسایشی عێراق (ISF) لە دژی داعش. لە راپۆرتەكەدا، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا، بڕی 61 ملیۆن و 14 هەزار و 940 دۆلاری بۆ راهێنان و پڕچەككردنی پێشمەرگە تەرخان كردووە، هاوكات پرۆگرامی هاوكاریی دارایی لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە، كە بەشێكی سەرەكی بوو لە یارمەتییەكانی ئەمریكا، لە ساڵی دارایی 2026 بە تەواوی كۆتایی دێت.