شەوی رابردوو لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد، کەسێک دەستگیرکراوە، ئەوەش بە تۆمەتى كوشتنی ئەكرەمی حاجی رۆستەم. میدیاکانى نزیک لە پارتى دیموکرات بڵاویانکردووەتەوە، کە شەوى رابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی فڕۆكەخانەى بەغدادەوە ئەو کەسە دەستگیرکراوە. بە گوێرەى قسەى کەسە نزیکەکان لە بنەماڵەی ئەكبەری حاجی رۆستەم، ئەو كەسەی تۆمەتباری سەرەكییە بە كوشتنی ئەكرەمی حاجی رۆستەم، ناوی (ع)ە و بە رەگەز عەرەبی عێراقییە و كەسوكارەكەشی هەر لەناو كفری دەژین، چەند مانگێك لەمەوبەر زەوییەكی بە (كرێی بەرهەم) لە ئەكبەری حاجی رۆستەم وەرگرتووە و دۆستایەتییشی لەگەڵ هەبووە تا پێرێ شەو، كە ئەو تاوانەی ئەنجام داوە.“ هەر بە گوێرەى قسەکانى کەسوکارى ئەکبەرى حاجى رۆستەم، ئەوەندەی زانیارییمان هەبێت، كەسی بكوژ دوای ئەنجامدانی تاوانەكەی، ئۆتۆمبێلەكە و مۆبایلەكەی ئەكبەری حاجی رۆستەمی دزیوە و هەر لە بەغداد ئۆتۆمبێلەكەی فرۆشتووە و وێستوێتی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدادەوە هەڵبێت و عێراق بەجێ بهێڵێت، بەڵام بە سوودوەرگرتن لە زانیارییە ئەمنییەكان، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لەنێو فڕۆكەخانەی بەغداد گیراوە بەرلەوەی سواری فڕۆكە بێت. دوو شەو پێش ئێستا هەواڵى کوژرانى ئەکبەرى حاجى رۆستەم لە گوندى هۆمەربلى نزیک کفرى راگەیەنرا، ئەوەش کاردانەوەى زۆرى دروست کرد.