گرنگ

هەوڵێك هەیە ئەوانەی سزای لە سێدارەدانیان هەیە لەچاكسازییەكانی هەرێم، هاوسەرگیری بكەن

2025-09-24

 

بەڕێوەبەری گشتی چاكسازییەكانی هەرێم ئاماژە بەوەدەكات، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان هەوڵ دەدەین، ئەو كەسانەی سزای لەسێدارەدانیان لە زیندان هەیە، ژیانی هاوژینی پێكبهێنن، كە 512 سزادراوی لەو جۆرە لە هەرێمی كوردستان هەن. ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: بەشێك لەو كەسانەی سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، دەیانەوێت ژیانی هاوژینی پێكبهێنن، هەندێكیان پەیوەندیی سۆزدارییان لەگەڵ یەكدی هەیە، واتە هەردووكیان زیندانین، دۆخێكی دیكەش هەیە كە ئەوەیە كەسێك دەیەوێت ژیانی هاوژینی لەگەڵ كەسێكی دیكە لە دەرەوەی زیندان پێك بهێنێت. ئاماژەی بەوەشكردووە، لە كۆبوونەوەیەكدا هەموو ئەو لایەنەی پەیوەندیداران رای خۆیان لەوبارەیەوە دەردەبرن و لە داهاتوودا كاری زیاتری لەسەر دەكرێت. هاوكات عەبدوڵا شێركاوەیی، وتەبێژی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی رایگەیاند: لە هیچ دەقێكی یاساییدا باس نەكراوە كە ئەو كەسانەی سزای لەسێدارەدانیان هەیە دەتوانن هاوژینی پێكبێنن یان نا، بۆیە كۆبوونەوەیەك كرا تاوەكو لەڕووی شەرعییەوە بزانین دروستە یان نا، یەكێك لە لایەنە ئامادەكانیش یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامی بوو و دوو بۆچوونمان لەسەری هەبوو ئەوەشی وتووە، ئەگەر ژنێك هاوژینی هەبوو، بەڵام ناپاكی لەگەڵ پیاوێكی دیكە كردبوو و دواتریش ئەو دوو كەسە پێكەوە هاوژینی ژنەكەیان كوشتبوو و بەو هۆیەوە هەردووكیان دەستگیركرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو، پێمان وایە پێكهێنانی ژیانی هاوژینی دروست نییە، تەنیا ئەگەر ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی لەنێوان خێزانەكانیان كرابێت ئەمە بۆ دۆخی پیاویش راستە، بەڵام ئەگەر كەسێك بە هەر تاوانێكی دیكە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، ئەو كات دروستە و بۆچوونمان وایە دەتوانێ ژیانی هاوژینی پێكبێنێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color