بەڕێوەبەری کۆمپانیای HKN تایبەت بە بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان ئاشکرای دەکات، خۆشحاڵ و گەشبینن بە چارەسەری هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و بەمنزیکانەش هەناردەی نەوت دەست پێدەکاتەوە. ڕوسیل فریمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای HKN لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە "دڵنیاین و گەشبینین بەوەی بە چارەسەری هەموو لا براوە گەیشتووین، هەر کاتێک هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان واژۆیان کرد، بەم نزیکانە هەناردەکردنی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستانەوە لەڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا دەستپێدەکاتەوە". لەلایەکی دیکەوە هەشت کۆمپانیای بەرهەمهێنی نەوت لەهەرێمی کوردستان لەڕاگەیەندراوێکدا سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە چەند ڕۆژی داهاتوو ڕادەگەیەنن. لە ڕاگەیەندراوەکە هاتووە، هەشت کۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوت کە بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ۹۰ لەسەدی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن، بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنن کە بەشێوەیەکی مەبدەئی لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی کاتییان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا. هەشت کۆمپانیاکە دەڵێن، دوای واژۆکردن و جێبەجێکردنی، چاوەڕوان دەکرێت ئەم چوارچێوەیە ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، لە هەمانکاتدا ڕێگەیەک بۆ ڕێکخستنێکی درێژخایەن دابین بکات و ڕێککەوتنە کاتیەکە هاوتەریبە لەگەڵ یاسای بودجەی ساڵی 2023-2025ی عێراق و بڕیارە دوای پێداچوونەوەی کۆمپانیایەکی ڕاوێژکارێکی سەربەخۆ، ڕێکەوتنەکە نوێبکرێنەوە کە چوارچێوە ڕێککەوتنەکە شەرعیەتی گرێبەستە هەبووەکان دەپارێزێت و پارەدان بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت مسۆگەر دەکات. لە ڕاگەیەندراوەکە هاتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان ڕێککەوتن لەسەر کۆبوونەوە لە ماوەی ۳۰ ڕۆژ لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن بۆ کارکردن لەسەر میکانیزمێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەرزانەی کە ماونەتەوە کە حکوومەت قەرزداری کۆمپانیاکانە.