گرنگ

ترەمپ: کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە 3000 ساڵی تر چارەسەر دەبێت

2025-10-04

 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، هیچ کەسێک ئەو کارەی نەکردووە، کە ئەو کردوویەتی، ئەویش راگرتنى حەوت جەنگە و جەختیشیکردەوە، ڕەنگە ببێتە هەشت جەنگ. ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی وەن ئەمەریکا نیوز، بە ئاماژەدان بە هەوڵەکانى بۆ جەنگى غەزە و کارەکانى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئەو قسەى کرد و گوتیشى، کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی 3 هەزار ساڵدا بە ئاسانی چارەسەر دەکرێت، بۆیە ئێمەش کارى زیاتر لە راگرتنى شەڕى غەزەمان دەبێت. لە میانی چاوپێکەوتنەکەدا سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، جگە لە ئاشتی هەمەلایەنە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئێستا کار لەسەر راگرتنى شەڕى غەزە دەکەن و ئاماژەی بەوەشدا کە ئەمە دەسکەوتێکی سەرسوڕهێنەر دەبێت. ترەمپ باسى هەوڵەکانى دوای چارەسەرکردنی پرسی غەزە کرد و گوتى، شەڕی ئۆکرانیا لەبەرچاو دەگرین و کار بۆ راگرتنى ئەو شەڕەش دەکەین. ئەمە لەکاتێکدایە، چەند رۆژێکە ترەمپ دەستپێشخەرییەکى بۆ شەڕى غەزە کردووە و کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، واشنتۆن هیوادارە حەماس ڕازی بێت بە پلانەکەی سەبارەت بە غەزە و پێشبینیشى کرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هێڵی سوور بۆ هەر وەڵامێکی نەرێنی بزووتنەوەکە دادەنێت. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری کشانەوەی بزووتنەوەی حەماس لە پلانەکە، لیڤیت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز گوتى: ئەمە هێڵێکی سوورە کە سەرۆکی ئەمریکا دەبێت بیکێشێت و دڵنیام کە دەیکێشێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەرۆک و تیمەکەی زۆر کاریان لەسەر ئەم پلانە گشتگیرە ٢٠ خاڵییە بۆ غەزە کردووە، کە بە شێوەیەکی گشتگیر ستایش کراوە... هەمووان لە جیهاندا پشتگیری لەم پلانە دەکەن. ئیسرائیل و سەرۆکوەزیرانیش ئەم پلانەیان قبوڵکردووە".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color