دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئەمڕۆ شەممە، سزای لەسێدارەدانیان بەسەر شەش كەسدا جێبەجێكردووە كە بە ئەنجامدانی هێرشی چەكداری لە پارێزگای خوزستان و هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل تۆمەتباركرابوون. ماڵپەڕی )میزان ئۆنلاین(ـی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران بڵاویكردەوە، بەیانی ئەمڕۆ رۆژی شەممە سزای لەسێدارەدان بەسەر شەش كەسدا جێبەجێكراوە، كە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا زنجیرەیەك كردەوەی چەكداری و تەقینەوەیان ئەنجام دابوو، بەوەش ئاسایشی پارێزگای خوزستانیان كردبووە ئامانج. میدیاكانی ئێران بڵاویانكردووەتەوە، تۆمەتبارەكان دانیان بەوەدا ناوە كە چەندین كردەوەیان ئەنجامداوە، لەوانە تیرۆركردنی چوار كارمەندی ئاسایش و تەقینەوەیەك لە شاری خوڕەمشەهر، لە درێژەی دانپێدانانەكانیاندا، دانیان بەوەشدا ناوە كە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبووە. هەرچەندە تاوەكو ئێستا ناسنامەی ئەو كەسانەی لەسێدارەدراون و وردەكاریی دەستگیركردنیان ئاشكرا نەكراوە، بەڵام ئەم لەسێدارەدانانە دوای كەمتر لە هەفتەیەك دێن لە لەسێدارەدانی ئەو پیاوەی كە ئێران وەك یەكێك لە سیخوڕە باڵاكانی ئیسرائیل ناوی بردبوو.