جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژە بەوەدەكەن كە دوای بێڕێزیی و ئەشكەنجەدانی لەناو دادگا لەلایەن هێزێكی چەكداری یەكێتییەوە، نەوەی نوێ داوا دەكات دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید بگوێزرێتەوە بۆ بەغداد. لە ڕاگەیەندراوەكەی نەوەی نوێ ئەوەهاتووە، لە پێشهاتێكی مەترسیداردا، كاتژمێر 7ی بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە هێزێكی ئەمنیی چەكداری سەر بەیەكێتیی شاسوار عەبدولواحیدیان بە كەلەپچەكراوی و بەبێ هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی پێشوەختەی خێزان و هاوڕێكانی و پارێزەرە یاساییەكانی گواستەوە بۆ دادگا. ئاماژە بەوەشكراوە، لەدادگای سلێمانییش هێزێكی چەكداری یەكێتیی كە نزیكەی 50 كەس بوون، بەشێوازێكی ناشیاو مامەڵەیان دژی شاسوار عەبدولواحید كردو ئەشكەنجەیاندا، بەشێوەیەك كە كەلەپچەی لەدەستكرابوو و بە كەلەپچەكە راكێشراوە و بەهۆیەوە بریندار بووە، وەك ئەوەی تۆمەتبارێكی تیرۆر بێت، لەكاتێكدا ئەو تۆمەتەی ئاڕاستەی كراوە پەیوەندیدارە بەرۆژنامەوانیەوەو سكاڵاكاریش لە دەزگای دژە تیرۆری یەكێتیی كار دەكات، هاوكات شاسوار عەبدولواحید بەتوندی مامەڵەی لەگەڵ كرا، راكێشراو پاشان بەتوندی پاڵی پێوەنراوە، لەكاتێكدا كە كەلەپچەكراو بوو، ئەم مامەڵەیەش بووە هۆكاری برینداربوونی زۆری دەستی. ڕوونشیانكردووەتەوە، ئەم رەفتارە تەنها نیشانەی رێزنەگرتن نییە لە كەرامەتی مرۆڤ، بەڵكو پێشێلكارییەكی روون و ئاشكرای بنەما سەرەكیەكانی مافی مرۆڤە، كوا مەردایەتیی و شەرەفی ركابەریی لەم كارەدا؟ كاتێك سەركردەیەكی سیاسیی مەدەنیی و بێچەك لەلایەن دەسەڵاتە سەركەوتكەرەكەتانەوە دەستگیركراوە، مەردایەتیی و شەهامەتی ئەم رەفتارە نائەخلاقیە لەكوێدایە كە هەموو نەریت و یاساو رێسا ئاسمانیی و زەمینیەكان رەتی دەكەنەوە و هیچ كەسێك قبوڵی ناكات. دادگای سلێمانی لە سەردەمی "بەناو دیموكراسیەتی بافڵ و قوباد"دا گۆڕاوە بۆ گۆڕەپانی بەڵتەجییەكان، ئەوەی ئێستاش ئەو دوو برایە بەسلێمانیی و خەڵكەكەی دەیكەن، رەنگدانەوەی رق و كینەیەكی قوڵە دژی ئەم شارەو رۆڵەكانی. بۆیە، داوا لەهەموو باڵیوزخانەی وڵاتان، ئەوانەی كە گرنگیی بە بەرگریكردن لە دیموكراسیەت لەهەرێمی كوردستان دەدەن، بەجددی لەم كەیسە بڕوانن، چونكە ئێمە متمانەمان بە دادگای سلێمانیی نەماوەو داوا دەكەین هەموو ئەو كەیسانەی كە دژی شاسوار عەبدولواحید لەوێ سەیریان دەكرێت بگوێزرێنەوە بۆ دادگاكانی بەغداد. بەداخەوە، ئەمڕۆ دادگاییكردنی سەرۆك شاسوار عەبدولواحید بەبێ ئاگاداركردنەوەی پارێزەرەكانی بەڕێوەچوو، هەروەك رێگا نەدرا هیچ كەسێك لە دانیشتنەكەی دادگادا ئامادەبێت، ئەمەش پێشێلكارییەكی روونی دەستوورە كە دەبێت دادگاییەكردنەكان بەشێوەی ئاشكرا بەڕێوەبچێت. بۆیە داوا لە نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لەعێراق و سەرجەم رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكەین كە ئەم پێشێلكارییە نائەخلاقیی و نامرۆڤانەیە تۆمار بكەن و بیخەنە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لە دانیشتنی نیوەی ئەمساڵی ئەنجوومەنەكە تایبەت بە دۆخی دیموكرسیی لە وڵاتان. جوڵانەوەی نەوەی نوێ 28ی ئەیلوولی 2025