مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ستایشی هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد، بۆ کردنەوەی بۆری هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە، هاوکات ستایشی ڕۆڵی ناوبراوی کرد لە پتەوکردنی هاوبەشی نێوان هەرێم و ئەمریکا. ئەم هەڵوێستەى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لە چوارچێوەى نامەیەکی بووە بۆ نێچیرڤان بارزانى. لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا، ڕوبیۆ پێزانینی بەردەوامی خۆی بۆ هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی لە ئاسانکاریکردنی گفتوگۆی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی ناوبراو کردووە لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیری و ئاشتی لە سوریا. ڕوبیۆ جەختی لەوە کردەوە، هاوبەشی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان لەسەر بناغە پتەوەکانی سەقامگیری و پێشکەوتن بنیات نراوە. جەختیشی کردەوە، فراوانکردنی هاریکاری ئابووریی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی هەردوولادایە و هاوبەشی ستراتیژییان بەهێزتر دەکات.
