کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوای لە سەرجەم کاندید و لیستە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد لە ماوەی 30 ڕۆژدا کەرەستەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان لەسەر شەقام و گۆڕەپانە گشتییەکان لاببەن. کۆمسیۆن رایگەیاندووە، ئەگەر لەو ماوەیە کاندید و لایەنەکان ئەو پۆستەرانە لانەبەن لابردنی دەدرێت بە تیمی شارەوانی، یان تیمى تایبەتمەند تێچووەکەشى لە پارەی بارمتەى لایەنەکان خەرج دەکرێت. کۆمسیۆن ئەوەشى راگەیاندووە، دەرگاى سکاڵایان بۆ هەر کەس و لایەن و دامەزراوەیەک دەکەنەوە، کە ئەگەر بەهۆى بانگەشەوە زیانیان بەرکەوتبێت و ئەوکاتیش رێکار بەرامبەر لایەنى سکاڵالێکراو دەگرنە بەر.