محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆکى لیستى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، سەردانى هەولێر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانى پارتیی دیموکراتیی کوردستان کۆدەبێتەوە. بە گوێرەى زانیارییەکان، کە میدیاکانى پارتى بڵاویانکردووەتەوە، ناوەڕاستى ئەم هەفتەیە، سودانى هەولێر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانى پارتى کۆدەبێتەوە. هەر بە گوێرەى زانیارییەکان، ئامانجى کۆبوونەوەکان، تاوتوێکردنى پرسى ئەنجامى هەڵبژاردن و پێکهێنانى حکومەتى نوێ دەبێت، بەتایبەتى دواى راگەیاندنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردن. ئەگەرى زۆرە لەم سەردانەى، سودانى بە فەرمى داوا لە بەرپرسانى پارتى بکات، بچنە هاوپەیمانییەکەى ، بۆ ئەوەى پۆستى سەرۆکوەزیران وەربگرێتەوە، کە لیستەکەى زۆرترین کورسى پەرلەمانى بردووەتەوە. هەرچەندە، تائێستا پارتى هەڵوێستى لەو بارەوە رانەگەیاندووە، بەڵام پێشتر بەرپرسانى ئەو حزبە، رایانگەیاندووە، نابنە بەشێک لە ململانێ ناوخۆییەکان ناو ماڵى شیعە و پشتگیرى هیچ لایەکیان لە دژى لاکەى تر ناکەن. ئەمە لەکاتێکدایە، بەشێک لەلایەنە شیعەکان دژى ئەوەن سودانى پۆستى سەرۆکوەزیران وەربگرێتەوە و لە ئێستاوە کار بۆ ئەوە دەکەن، کە هاوپەیمانییەکەى پەرت بکەن و پۆستەکە وەرنەگرێتەوە.
