بڕیارەکەی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی، کە کۆتایی هاتنی خولی پەرلەمانی راگەیاند و حکومەتیشى کرد بە کاربەرێکەر، عێراق دەخاتە دۆخێکەوە، نەتوانێت کێشەکانى چارەسەر بکات، بەتایبەتى کێشەى پارەى نەختینەیی. بەپێی دەستوور، حکومەتی کاربەرێکەر ناتوانێت قەرزی ناوخۆیی یان دەرەکی، گرێبەستی گەورە، یان ڕێگەدان بە خەرجکردنی وەبەرهێنان بکات، ئەمەش عێراقی دەخاتە دۆخێکی سەختی دارایی زۆر هەستیارەوە. چاودێران دەڵێن ئێستا بەهۆی ئەوەی ساڵی دارایی نزیکە لە کۆتایی هاتنی و بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ ،کە هێشتا پەسەند نەکراوە، توانای حکومەت بۆ بەکارهێنانی هەر ئامرازێکی دارایی بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانەکانى سنووردایە، ئەوەش وا دەکات کێشەى نەختینە رۆژ بەرۆژ زیاتر بێت. چاودێران دەشڵێن، ڕێگریکردن لە قەرزکردن بە شێوەیەکی کاریگەر عێراق دەخاتە مەترسییەوە، ئەگەری هەیە ببێتە هۆی یەکەم کارەساتی دارایی ئەگەر چارەسەرێکی یاسایی بەپەلە نەدۆزرێتەوە یان ڕێککەوتنە سیاسییەکان خێرا نەکرێن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ بە دەسەڵاتی تەواوەوە. بە گوێرەی ئابوریناسان، ئەم دۆخە لە ساڵی 2003ەوە وێنەى نەبووە، عێراق پێشتر ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی دارایی ئاوا توند نەبووەتەوە لەکاتێکدا بارگرانییەکی زۆری لەسەرە بە پابەندبوونە داراییە گەورەکانەوە، لەوانە مووچە، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، یارمەتییە خۆراکییەکان، تێچووی وزە و قەرزی پڕۆژەکان. بەهۆی ئەوەی حکومەت بە تەواوى دەسەڵاتەوە کارناکات، وەزارەتی دارایی لە پەراوێزێکی سنوورداردا کاردەکات، تەنها ڕێگە بە خەرجییە پێویستەکان دەدات بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بەردەوام بن، هیچ بوارێک بۆ مانۆڕکردنى دارایی نەماوەتەوە.
