گرنگ

شەوى رابردوو چى روویدا؟ بەرپرسەکەى کۆمیتەى یەکێتى بۆ دەستگیرکرا؟

2025-12-02

 

درەنگى شەوى رابردوو، بە دەستگیرکردنى بەرپرسێکى یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان لە خەبات و رێککەوتنێکى چەند خاڵى، کۆتایی بەو گرژییانە هات، کە چەند کاتژمێرێک لە گوندى لاجان و قەزاى خەبات بەردەوام بوو. بە گوێرەى زانیارییەکان، درەنگى شەوى رابردوو هێزێکى ئەمنى تایبەتى پارتیی دیموکراتیی کوردستان، لە نزیک قەزاى خەبات، نێچیرڤان هەرکیان دەستگیرکردووە، کە بەرپرسى کۆمیتەى قەزاى خەباتى یەکێتییە. هەر بە گوێرەى زانیارییەکان، نێچیرڤان هەرکى، بە بریندارى لەسەر رێگەى هەولێر موسڵ دەستگیرکراوە، کە سەرەتا خۆى رادەست نەکردووە و دواتریش هێزەکان تەقەیان لێکردووە و بریندارکراوە، دواتر بە بریندارى دەستگیرکراوە. دواى دەستگیرکردنەکەى، لیژنەى ئەمنى پارێزگاى هەولێر راستەوخۆ،روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لیژنەى ئەمنى بە تۆمەتى دروستکردنى ئاژاوەگێڕى و نانەوەى پشێوى و هەڕەشەکردن بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە حکومییەکان، نێچیرڤان هەرکیان دەستیکردووە و رووبەڕووى دادگاى دەکەنەوە. جگە لە دەستگیرکردنى ئەو بەرپرسەى یەکێتى، هەر درەنگى شەوى رابردوو، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر لەگەڵ بەشێک لە دانیشتووانى گوندى لاجان کۆبووەوە و لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن، بەوەش کۆتایی بە گرژییەکان هات. رێککەوتنەکە بە شێوەیەک بووە، کە سەرجەم گیراوان ئازاد دەکرێن و تا رۆژى چوارشەممە سەرجەم هێزەکانیش لە گوندى لاجان دەکشێنەوە، کە ئەمە داواکارى سەرەکى دانیشتووانى گوندەکە بوو، جگە لەوە پاڵاوگەى لاناز سەد کەسى گوندەکە دادەمەزرێنێت و دڵنیایش دراوە، کە پاڵاوگەکە پارێزگارى لە هەواو و ژینگەى گوندەکە بکات. رۆژى دووشەممە، دانیشتووانى گوندى لاجان، ماڵ و حاڵیان جێهێشت، وەک ناڕەزاییەک لەبەرامبەر دەستگیرکردنى چەند کەسێکى گوندەکە و چوونى هێزى ئەمنى بۆ لاجان، بەو هۆیەوە گرژى دروست بوو، گرژییەکانیش گوازرایەوە بۆ قەزاى خەبات و تا درەنگى شەوى رابردوو بەردەوام بوو.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color