گرنگ

وەزیری پەروەردە: بۆئەوەی كەسوكاری خوێنكاران سود لە پشووی سەری سااڵ وەربگرن، تاقیكردنەوەكانمان پێشخست

2025-12-03

 

وەزیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمساڵ تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەم هاتووەتە پێش، كە مەبەست لەو كارەش بۆ ئەوەیە خانەوادەی قوتابیان سوود لە پشووی سەری ساڵ وەربگرن، چونكە دوای تەواوبوونی تاقیكردنەوەكان، ڕاستەوخۆ پشووی سەری ساڵ دەست پێدەكات. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێم ڕایگەیاند: بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگا و قەزاكان كارەكانی خۆیان ئەنجام دەدەن، ئەمەش یەكەم جار نییە و پێش دوو ساڵیش بەهەمان شێوە تاقیكردنەوەكان پێشخرا و ئەمساڵ خوێندنیش لەچاو پارساڵ چوار ڕۆژ پێش خراوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، پارساڵ تاقیكردنەوەی وەرزی یەكەم ئەنجام درا گلەییمان لێكرا، كە دوای سەری ساڵ ڕاستەوخۆ تاقیكردنەوە ئەنجام درا، ئەمەش بووە هۆی نیگەرانیی بەشێك لە خانەوادەی قوتابیان كە سوودیان لە پشووی سەری ساڵ وەرنەگرتووە، بەهۆی ئەوەی لە ٢٥/١٢ ساڵانە دەبێتە پشوو بەهۆی هاتنی سەری ساڵەوە لە ناوەندەكانی خوێندن، بۆیە خانەوادەی قوتابیان سوود لەو پشووە وەرناگرن. وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێم ئەوەشی وتووە، لە ١٤ و ١٥ی ئەم مانگە تاقیكردنەوەكان دەست پێدەكەن و لە ٢٤ی ئەم مانگەدا كۆتایی پێدێت، چونكە ڕاستەوخۆ دوای تاقیكردنەوەكان دەبێتە پشووی سەری ساڵ، بۆیە ئەمە تاقیكردنەوەی نیشتیمانی نییە و تاقیكردنەوەی وەرزییە و ئەوەی خوێندوویانە لەوە تاقیكردنەوە دەكەن، بۆیە ئەمە بۆ ئەوەیە خانەوادەی قوتابیان سوود لە پشووی سەری ساڵ وەربگرن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color