گرنگ

حکومەتى ئێستاى عێراق لە لێواری ئیفلیجیدایە

2025-12-04

 
ناکۆکییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ بووەتە گەورەترین بەربەست لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتى نوێ و بەمەش حکومەتى ئێستاى عێراق لە بەردەم ئیفلیجبووندایە. بە گوێرەى زانیارییەکان یەکلاییکردنەوەی ناوی کاندیدی سەرۆک وەزیران لەم چەند ڕۆژەى داهاتوودا "لەڕادەبەدەر قورس بووە"، ئەوەش بەهۆى هەموو ئەو ناوانەى ئاراستەى لیژنەکەى چوارچێوەى هەماهەنگى کراون بۆ کاندیدبوون بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران. هەر بە گوێرەى زانیارییەکان، ئێستا لە نێو چوارچێوەى هەماهەنگى دابەشبوونێکى قووڵ هەیە و جیاوازییەکى توند لەنێوان لایەنەکان هەیە بۆ یەکلاکردنەوەى ناوێک بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆکوەزیران. زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، کە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەى چوارچێوەى هەماهەنگى پێشکەوتنی بەدەست نەهێناوە، چونکە هەندێک لە فراکسیۆنەکان "هەوڵی سەپاندنی ناوی دیاریکراو یان رەتکردنەوەى ئەوانی دیکە دەدەن"، ئەمەش بووە هۆی خاوبوونەوەی خێرایی گفتوگۆ و دواخستنی بڕیارێک. چوارچێوەی هەماهەنگی بە کاریگەرترین بلۆکی سیاسی دادەنرێت لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێدا، بەڵام هەڵوێستە جیاوازەکانی پێکهاتە ناوخۆییەکانی ناو چوارچێوەکە دوای هەڵبژاردن بە ڕوونی دەرکەوتن، بەتایبەتی سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران. لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا چەندین جار کۆبوونەوەکانی چوارچێوەکە وەستاون بەهۆی پێداگری هەر کوتلەیەک لەسەر کاندیدەکەی، لەکاتێکدا ڕێکارە دەستوورییەکان بەرەو کۆتایی دەچن بۆ یەکلاکردنەوەی هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان و سەرۆککۆمار و راسپاردنى کاندیدى سەرۆکوەزیران.
 
 
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color