ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئاماژە بەوەدەكات تۆمەتباركردنی نێچیرڤان هەركی بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی لە خەبات، لەلایەن دەزگای ئاسایشی پارتییەوە، تۆڵەكردنەوەیە و باجی كاندیدبوونی لەسەر لیستی یەكێتی پێدەدەن، چونكە ئەوەی عەقڵ نەیبڕێت پارتی تۆمەت بۆ یەكێتی دروستدەكات. سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند: ئێمە كلیپی لەو جۆرەمان زۆر بینیوە، لەگەڵ ئەوەی بەزۆر دانپێدانان بە دەستگیركراوەكان كارێكی باش نییە و خۆڵكردنە چاوی خەڵكە، هەركییەكانیش دەمێكە ناڕازین، چونكە هەركییەكان كاتێك بیانەوێت لەسەر شتێك بەرگری بكەن هەموویان هەركین و پەیوەندی بە وەستان لە دژی حزبێك نییە. ئاماژەی بەوەشكردووە، پارتی ئەگەر بیانەوێت ترەمپ تێبگەیەنن كە (نێچیرڤان هەركی) مەترسییەكی گەورەیە و عیراق تێبگەیەنن كە دژی عیراقە و هەرێم تێبگەیەنن كە چاوی بە سەركەوتنی هەرێم و كارەبای بەردەوام هەڵنایەت و كێشەی گەورە دروست دەكات، ئەوە كلیپێكی بێ ناوەڕۆك و تەواو بێ مانایە. سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمڕۆ لە هەرێم لەقۆناغێكین جیهان رێزمان لێدەگرێت و زیندووكردنەوەی ئەم جۆرە كلتورە بەناوی دانپێدانان كارێكی باش نییە، بۆیە نابێت یەكێتی قبوڵی بكات، هاوكات هەركییەكان خەڵكی باشن و خاوەنی بیروباوەڕی عەشایەریی خۆیانن بۆ بەكاریاندەهێنن؟ بهێڵن وەك خۆیان بژین و بیروباوەڕی خۆیان جێبەجێبكەن، هاوكات نێچیرڤان كەسێكی گرنگە لەناو هەركییەكان و ئەوەی بەرامبەری كراوە شەڕە دژی هەركییەكان و بە ئاسانیش تێناپەڕێت.
