گرنگ

عێراق رەتیدەکاتەوە بەهای 1.3 ملیار دۆلار "کا"ـى هاوردە کردبێت

2025-12-27

 

"کا" ئەو گژو گیاى وشککراوەى لە وەرزى زستان دەدرێت بە ئاژەڵان لە عێراق هەراى ناوەتەوە و دەنگۆ هەیە، عێراق لەمساڵدا، کە رەو کۆتاییەکانى دەچین، بە بەهای 1.3 ملیار دۆلار هاوردەى کردووە. دەنگۆکە چەند رۆژێکە بڵاوبووەتەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەى دروست کردووە و بەهۆى زۆرى کاردانەوەکانیش وەزارەتی کشتوکاڵ روونکردنەوەیەکى بڵاوکردووەتەوە. وەزارەتی کشتوکاڵ لە روونکردنەوەیەک ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوە لە هەندێک پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا و لە میدیاکاندا بڵاوبوونەتەوە سەبارەت بە هاوردەکردنی "کا" بە بەهای یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار لە بەرازیل لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥دا. وەزارەتەکە ڕاشیگەیاندووە، "بە توندی ڕەتیدەکەینەوە ئەوەی لە هەندێک پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا و لە میدیاکاندا بڵاوبووەتەوە سەبارەت بە هاوردەکردنی کا بە بەهای یەک ملیار و 300 ملیۆن دۆلار لە بەرازیل لە ماوەی ساڵی 2025دا". لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو هەواڵە بڵاوبووەوە دژایەتییەکی بنەڕەتی تێدایە، بەو پێیەی مانشێتەکەی ئیدیعای هاوردەکردنی کا دەکات، لەکاتێکدا بەهای دارایی ئاماژەپێکراو، کەلوپەلی ستراتیژیی بنەڕەتی وەک شەکر، پەلەوەر، سۆیا و ئاژەڵ لەخۆدەگرێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ چەواشەکاری". وەزارەتى کشتوکاڵ جەختی لەوە کردەوە کە "ئەو ژمارە و ئیدیعایانەی سەبارەت بە سروشت و قەبارەی ئەو ئاڵوگۆڕانە نادروستن و تەنها بابەتى سۆشیال میدیان و هیچ راستییەکیان تێدا نییە. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "داوا لە میدیاکان و هاوڵاتیان دەکات بە مانشێتە فریودەرەکان بە ئامانجی شێواندنی ڕاستییە ئابوورییەکان بەلاڕێدا نەبرێن"، جەختیشیکردەوە "پێویستی وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوە فەرمییەکانی وەزارەتەوە بێت، نەک شوێنى دیکە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color