گرنگ

تۆم باراك چی بە سودانی گوت؟ خۆی نهێنییەكەی ئاشكرادەكات

2026-02-23

 
تۆم باراک، نێردراوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ سوریا، وردەکاریی گفتوگۆکانی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق (کاربەڕێکەر)، لە بەغدای پایتەخت ئاشکرا کرد.
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، باراک گەیشتە بەغدای پایتەخت و خشتەی کارەکانی بە دیدارێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سودانی دەستپێکرد، ئەمەش لە سایەی ئەو هەڵکشانە گەورەیەی ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت، بەتایبەتی هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ لێدانی ئێران.
باراک لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: "لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، تاوتوێی ئامانجەکانی بونیادنانی داهاتوویەکمان کرد، کە لەگەڵ پلانی ترەمپ بۆ ئاشتی لە ناوچەکەدا یەکبگرێتەوە".
هەروەها تۆم باراک بە سودانی ڕاگەیاندووە، "بوونی سەرکردایەتییەکی کارا، کە سیاسەتەکانی پتەوکردنی سەقامگیری لە عێراق و بۆ گەلەکەی بگرێتەبەر، پرسێکی بنەڕەتییە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان".
دوێنێ یەکشەممە، سودانی لەگەڵ باراک تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و بارودۆخی گشتیی ناوچەکەی کرد، لەگەڵ ئەو هەوڵانەی عێراق دەیدات بۆ پشتیوانیکردنی سەقامگیریی هەرێمی و سەقامگیریی سووریا بەتایبەتی.
لە دیدارەکەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا لەپێناو ڕێگریکردن لە هەڵکشانی گرژییەکان لە ناوچەکەدا، هەروەها جەخت لە گرنگیی پەنابردنە بەر گفتوگۆ و ڕێڕەوە دیپلۆماسییەکان کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان، سەرباری تاوتوێکردنی دەرفەتەکانی هاریکاریی ئابووری و پشتیوانیکردنی گەشەپێدانی گشتگیر کە سەقامگیری لە مەودای درێژخایەندا پتەو دەکات، ئەوەش بەگوێری راگەیەنراوێكی نووسینگەی سودانی.
لای خۆیەوە سودانی جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی کێشە قووڵەکان کردەوە لەڕێگەی دانانی چارەسەری ڕیشەیی بۆ هۆکارەکانیان، هەروەها ڕێگریکردن لە دەستدرێژی و پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، باراک ئاماژەی بە گرنگیی ئەو ڕۆڵە کرد عێراق دەیگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە، کەمکردنەوەی گرژییەکان، پشتیوانیکردنی گفتوگۆ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color