گرنگ

مالیکی گوێ بە هیچ نادات و پاشەکشە ناکات

2026-02-23

 

ترەمپ هەر هەڕەشە دەکات و مالیکیش دوایین قسەی خۆی کرد
#بوار
نورى مالیکی سەرۆکى لیستى دەوڵەتى یاسا، کە کاندیدە بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانى عێراق، گوێ بە هیچ نادات؛ لە بەردەم فشاری ئەمریکادا سوورە لەسەر وەرگرتنی سەرۆکایەتی وەزیران.

لە کاتێکدا هەڕەشە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق گەیشتوونەتە لوتکە، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، گوێ بە هیچ فشارێکی دەرەکی نادات و دوایین هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی خۆی ڕاگەیاند: "بە هیچ شێوەیەک لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ناکشێمەوە."

عەقیل فەتلاوی، وتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بە فەرمی کۆتایی بە دەنگۆکان هێنا و جەختی لەوە کردەوە، مالیکی تەنانەت بیر لە بژاردەی کشانەوەش ناکاتەوە.

ئەم پێداگرییە توندەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کاتێکدایە، کە واشنتۆن پەیامی هۆشداریی بێپێشینەی ئاراستەی سەرکردەکانی عێراق کردووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە ڕاشکاوی هێڵی سووری بەسەر گەڕانەوەی مالیکیدا هێناوە و هۆشداری داوە؛ گەڕانەوەی ئەو پیاوە بۆ دەسەڵات، واشنتۆن ناچار دەکات پێداچوونەوەی ڕیشەیی بە پاڵپشتییەکانی بۆ بەغدا بکات.

ترەمپ قۆناغی پێشووی دەسەڵاتی مالیکی بە "سەردەمی هەژاری، پشێوی و باڵادەستیی هەژموونی ئێران" وەسف کردووە.

مەترسییەکە تەنها لە لێدواندا نەماوەتەوە؛ بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، ئەمریکا لە ڕێگەی نامەی دیپلۆماسییەوە هەڕەشەی گەمارۆی دارایی و ڕێگریکردن لە گەیشتنی دۆلاری فیدراڵی بە عێراق کردووە، ئەگەر بێتوو چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر کاندیدکردنی مالیکی بەردەوام بێت.

بەڵام سەرەڕای ئەو زریانە سیاسییەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە، دەوڵەتی یاسا ئامادە نییە بچێتە ژێر باری مەرجەکانی واشنتۆن، ئەم ململانێیەش، عێراقی خستووەتە بەردەم دووڕیانێکی چارەنووسساز: یان پاراستنی بژاردە ناوخۆییەکان بە سەرکردایەتی مالیکی، یان ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانێکی گەورەی دارایی و ئابووری کە ڕەنگە باجەکەی زۆر قورس بێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color