گرنگ

ئەو كەسە كێ بوو تەقەی لە ماڵی پەرلەمانتارەكەی كەركوك كرد؟

2026-02-23

 

تەقەکەرەکەی سەر ماڵی پەرلەمانتارێکی بەرەی تورکمانی لە ماوەی کاتژمێرێکدا دەستگیرکرا
#بوار
لە ئۆپەراسیۆنێکی خێرا و سەرکەوتوودا، هێزە ئەمنییەکانی شاری کەرکوک توانیان ئەو کەسە دەستگیر بکەن، کە شەوی ڕابردوو پشێویی دروست کرد و تەقەی لە نزیک ماڵی پەرلەمانتارێکی بەرەی تورکمانی کرد.

وردەکاریی ڕووداوەکە
بەپێی زانیارییەکان، شەوی ڕابردوو کەسێکی نەناسراو لەبەردەم ماڵی (گوڵسەن محەمەد عەبدولڕەحمان)، پەرلەمانتاری بەرەی تورکمانی لە شاری کەرکوک، بە چەکی جۆری دەمانچە دەستڕێژی تەقەی بە ئاسماندا کردووە و دەستبەجێ لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتووە، ئەم کارە بووە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لە ناوچەکەدا.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکوک لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرایکرد، پاش گەیشتنی زانیاری، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری کردووە. لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ تۆماری کامێراکانی چاودێری، توانراوە لە ماوەی کەمتر لە یەک کاتژمێردا ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا بکرێت و لە هەڵمەتێکدا دەستگیر بکرێت.

لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرییانخستووە، تۆمەتبارەکە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا کۆرۆلا)ـی ڕەنگی سپی پێبووە، تۆمەتبار لە کاتی گەیشتنی بە نزیک شوێنی مەبەست، لە ئۆتۆمبێلەکەی دابەزیوە و تەقەی کردووە.

لە کاتی دەستگیرکردنەکەیدا، پۆلیس دەستی بەسەر ئەم کەلوپەلانەدا گرتووە:
• ئەو ئۆتۆمبێلە سپییەی لە ڕووداوەکەدا بەکارهێنراوە.
• ئەو دەمانچەیەی کە تەقەکردنەکەی پێ ئەنجامدراوە.

تا ئێستا، پاڵنەر و ئامانجی سەرەکیی تۆمەتبارەکە بۆ ئەم کارە ڕوون نەبووەتەوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە تاوەکو ڕووبەڕووی یاسا بکرێتەوە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color