گرنگ

فوئاد حوسێن و عەباس عێراقچى باسى چیان کرد؟

2026-02-23

 

لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان و خێراتربوونی لێدانی ترپەی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گفتوگۆکانی پشت پەردەی نێوان بەغدا و تاران ئاشکرای دەکەن، کە هەردوو وڵات لەوپەڕی ئامادەباشی و نیگەرانیدان لەهەمبەر هەر جوڵەیەکی هەڵە، کە ناوچەکە بەرەو تەقینەوەیەکی گشتگیر ببات.

 

بەپێی زانیارییەکان پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی فوئاد حسێن و عەباس عەراقچی، پرسی "کۆکردنەوەی هێزە سەربازییەکان" و جوڵە نوێیەکان، تەوەری شاراوە و هەرە هەستیاری نێوان هەردوو وەزیرەکە بووە، کە شەوى رابردوو ئەنجامدراوە. 

 

هەر بە گوێرەى زانیارییەکان، کە میدیاى عێراقى بڵاویکردووەتەوە، لەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا، هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتە یەکلاکەرەوەیەی، کە بچووکترین "هەڵەی سەربازی"، یان هەر پەرەسەندنێکی زیاتری ململانێکان، دەبێتە هۆی داڕمانی تەواوەتیی سەقامگیری و لەدەستدانی کۆنترۆڵی بارودۆخەکە.

 

لەبەرامبەر ئەم زەنگی مەترسییەدا، بەغدا و تاران بە ڕوونی جەختیان لەوە کردووەتەوە، "دانوستان و گرتنەبەری ڕێگەچارەی ئاشتییانە" تەنها بژاردەی بەردەستە بۆ پووچەڵکردنەوەی گرژییەکانى ناوچەکە و ڕێگریکردن لە کارەساتێک، کە لێکەوتەکانی لە سنوورێکی دیاریکراودا نامێنێتەوە.

 

لەسەر ئەم بنەمایە، فوئاد حسێن و عەباس عەراقچی لەسەر "بەردەوامیی هەماهەنگی لە قۆناغی داهاتوودا" رێککەوتوون، کە ئەمەش وەک ئاماژەیەکی بەهێز دەخوێندرێتەوە، بەوەى ڕۆژانی داهاتوو تا کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی جنێڤ، ڕۆژانێکی پڕ لە جوڵە و پەیامگۆڕینەوەی دیپلۆماسیی چڕ دەبن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color