گرنگ

ئەمریکا سزا دەخاتە سەر نەوتی عێراق؟

2026-02-23

 

بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ زانیارییەکی سەرنجراکێشی درکاند.. ئایا ئەمریکا سزا دەخاتە سەر نەوتی عێراق؟

#بوار

لە کاتێکدا دەنگۆی سەپاندنی سزای ئەمریکی بەسەر کەرتی نەوتی عێراقدا میدیاکانی تەنیوە، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە فەرمی دێتە دەنگ و کۆتایی بە گومانەکان دەهێنێت.

 

عەلی شەتری، بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند؛ تا ئێستا هیچ ئاگادارکردنەوە یان هەڕەشەیەکی فەرمییان لەلایەن واشنتۆنەوە پێنەگەیشتووە بۆ سەپاندنی سزا. 

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کۆمپانیاکەیان تەنها پشتی بەستووە بە بەڵگەنامە و نووسراوە فەرمییەکان، نەک لێدوان و پڕوپاگەندەی ئێرە و ئەوێ.

 

 شەتری ئاشکرای کرد، سەرجەم لێکتێگەیشتن و گفتوگۆکانیان، بەتایبەت ئەوانەی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کراون، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن، کە سیستەم و میکانیزمەکانی سۆمۆ زۆر پتەون و لەسەر بنەمایەکی شەفاف کاردەکەن.

 

هەروەها رایگەیاندووە، سۆمۆ ڕێوشوێنی ئەمنیی توندی گرتووەتەبەر، سەرجەم ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی دەچنە ناو ئاوە هەرێمییەکانی عێراقەوە، بە هەماهەنگیی توند لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، دەخرێنە ژێر چاودێرییەکی وردەوە و ڕۆژانە ڕاپۆرتی تایبەت بە جووڵە و ئاراستەیان بەرز دەکرێتەوە.

 

بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ زانیارییەکی سەرنجراکێشی درکاند و ڕایگەیاند، عێراق ئێستا گۆڕاوە بۆ یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی هەناردەکاری بەرهەمە نەوتییەکان، جێگەی سەرنجە، داهاتی هەناردەکردنی ئەم بەرهەمانە بە خێرایی لە گەشەکردندایە و خەریکە دەگاتەوە بە قەبارەی داهاتی نەوتی خاو، ئەمەش وایکردووە سۆمۆ زیاتر لە جاران چاوی لەسەر پاراستنی ئەم سەرچاوە ستراتیژییەی ئابووریی وڵات بێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color