گرنگ

کارتى ئینتەرنێت لەسەر خەڵک گرانکرا

2026-02-24

 

شۆکێکی نوێ بۆ گیرفانی هاووڵاتییان؛ عێراق بڕیارى گرانکردنى کارت دەخاتەوە بواری جێبەجێکردنەوە

#بوار

لە هەنگاوێکدا، کە پێچەوانەی لێدوان و بەڵێنەکانی پێشوویەتی، وەزارەتی گەیاندنی عێراق بڕیارێکی نوێی دەرکرد بۆ دووبارە سەپاندنەوەی باجی 20٪ بەسەر خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێتدا، کە ئەوەی لەم بڕیارەدا جێگەی سەرسوڕمانە، وەزارەتەکە ڕاستەوخۆ و بەفەرمی کۆمپانیاکانی سەرپشک کردووە، ئەو باجە بخەنە سەر شانی هاووڵاتییان و لە گیرفانی ئەوان دەریبهێنن، لەبری ئەوەی خودی کۆمپانیاکان لەئەستۆی بگرن.

 

بەپێی بەڵگەنامەیەکی دزەپێکراو، کە ئاراستەی سەرجەم کۆمپانیاکانی دابینکاری ئینتەرنێت کراوە، بەڕێوەبەرایەتیی ژێرخانی گەیاندن و زانیارییەکان بڕیاریداوە بە سەپاندنی ڕێژەی 20٪ بەپێی ژمارەی بەشداربووان و نرخی پاکێجەکان. 

 

لە نووسراوەکەدا بەڕوونی هاتووە، ئەم بڕە پارەیە "لە هەر بەکارهێنەرێکی کارا لەسەر نرخی فرۆشتنی پاکێجەکە" وەردەگیرێت، و بڕیارەکەش لە ڕێکەوتی 23ـی شوباتی 2026ـەوە بەفەرمی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. 

 

ئەم هەنگاوەش وەک بەشێک لە بڕیارێکی کۆتاییەکانی ساڵی 2025ـی ئەنجومەنی وەزیران بۆ زیادکردنی داهاتی دەوڵەت هاتووە.

 

پێشتر وەزیری گەیاندن (کە لە ساڵی 2022ـدا پاڵەوانی هەڵوەشاندنەوەی باجی 20٪ـی سەر کارتەکانی پڕکردنەوەی مۆبایل بوو)، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانیش، بە توندی ڕەخنەیان لە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت دەگرت، کە باج دەخەنە سەر شانی بەکارهێنەران و جەختیان لەوە دەکردەوە، دەبێت کۆمپانیاکان خۆیان ئەو باجە بدەن، بەڵام ڕێنماییە نوێیەکەی وەزارەت، بە ئاشکرا پاساوی یاسایی بە کۆمپانیاکان داوە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ پارەکە لە خەڵک وەربگرن.

 

جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، گۆڕانکارییەکی گەورە و قورس لە نرخی مانگانەی ئینتەرنێتدا دروست دەکات، بەم شێوەیەی خوارەوە:

  پاکێجی سەرەتایی (کەمترین خێرایی): لە 35 هەزار دینارەوە بەرزدەبێتەوە بۆ 47 هەزار دیناری عێراقی.

  پاکێجی مامناوەند: لە 45 هەزار دینارەوە دەبێتە 54 هەزار دینار.

  بەرزترین پاکێج (VIP): نرخەکەی ئاستێکی پێوانەیی تۆمار دەکات و دەگاتە 156 هەزار دینار.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color