#بوار
شەوی ڕابردوو، ئاسمانی هەرێمی کوردستان بووە مەیدانی هێرشێکی بێوێنەی درۆنی و مووشەکی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە بەرەی مقاوەمە و میلیشیاکانەوە، لەم شەپۆلە هێرشەدا، هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی کردە ئامانج، زیانی گیانی و ماددشی لێکەوتەوە.
بەپێی زانیارییە وردەکان، چڕیی هێرشەکان لەڕێگەی ژمارەیەکی زۆر لە درۆنی بۆمبڕێژکراو و خۆکوژەوە ئەنجام دراون، بەشێکی زۆریان لەلایەن هێزەکانی بەرگرییەوە تێکشکێنراون.
ئەوەی ئەم هێرشانەی لە جارەکانی پێشوو جیاکردەوە، قەبارە و ژمارەی ئەو درۆنانە بوو کە ئاراستە کرابوون و لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە زیاتر لە 9 درۆن هێرش کراوەتە سەر چەندین ئامانجی جیاواز.
لە سنووری سلێمانی لە هۆتێل تایتانیک 3 جار هێرشی درۆنی ئەنجام دراوە، لە نزیک بارەگاکانی فەرماندەیی پێشمەرگەش، زیاتر لە 9 جار هەوڵی بۆردومان دراوە.
بەهۆى هێرشەکانەوە لە شاری هەولێر، کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بووە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکان، لە ئاکامی ئەو زنجیرە هێرشەدا، کارمەندێکی هێزەکانی ئاسایش بە ناوی وڵات تاهیر، تەمەن 31 ساڵ و خێزاندار، شەهید بوو و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە سلێمانی؛ سەرەتای هێرشەکان گوندی "زڕگوێزەڵە" و بارەگاکانی پێشووی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی گرتەوە، کە بەهۆیەوە پێشمەرگەیەک شەهید بوو، دووانى دیکەش بریندار بوون.
دۆخەکە تەنها لەوێ نەوەستا، بەڵکو تا بەرەبەیان درۆنە خۆکوژەکان بە ئاسمانی شارەکەدا دەسوڕانەوە، سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە توانیان بەشێکی زۆری درۆنەکان تێکبشکێنن، بەڵام چەندین جار هەوڵی لێدانی ناوچەکانی نزیک "هۆتێل تایتانیک" و "بارەگاکانی فەرماندەیی" درا.
هەر زوو دوای دەستپێکردنی هێرشەکان، گرووپێکی چەکداریی نزیک لە بەرەی مقاوەمە بە ناوی سەرایا ئەولیا دەم، بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە فراوانە ڕاگەیاند.
