گرنگ

 گرنگ

تاران لەبەردەم گێژاوێکی مەترسیداردا؛ دوای خامنەیی، جەنگی جێنشینی و ململانێی باڵەکان دەتەقێتەوە

2026-03-08

 

#بوار
لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکان و مەترسییەکان لەسەر مانەوەی سیستەمی سیاسیی تاران، نیشانەکانی لێکترازانی قووڵ لە هەرەمی دەسەڵاتی ئێراندا بەدەرکەوتوون.
کوژرانی عەلی خامنەیی لە هەفتەی ڕابردوودا، نەک تەنها بۆشاییەکی گەورەی دروستکردووە، بەڵکو ئەو ناکۆکییە شاراوە و کپکراوانەی نێوان "توندڕەوەکان" و "باڵی پزیشکیان"ـی تەقاندووەتەوە و وڵاتەکەی خستووەتە بەردەم چارەنووسێکی نادیار.
خاڵی وەرچەرخانی ململانێکان لە لێدوانێکی مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانەوە سەرچاوەی گرت، پزیشکیان لە هەنگاوێکدا وەک هەوڵێک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لێکدرایەوە، داوای لێبوردنی لە وڵاتانی ناوچەکە کرد بەرامبەر ئەو هێرشانەی کراوەتە سەر خاکەکەیان و بەڵێنی ڕاگرتنی دا.
ئەم هەڵوێستە وەک "نەوت بە ئاگردا کردن" بوو بۆ سوپای پاسداران و باڵی توندڕەوی ڕژێم، لەو بارەوە حەمید ڕەسایی، پەرلەمانتاری دەستڕۆیشتوو، نزیک لە توندڕەوەکان، بە توندترین شێوە وەڵامی سەرۆکی دایەوە و وتی: "هەڵوێستەکەت لاواز، ناپیشەیی و قبووڵنەکراوە".
فشاری سوپای پاسداران هێندە بەهێز بوو، پزشکیانی ناچار کرد بە شێوەیەکی "شەرمهێنەر" پاشەکشە بکات و ئەو بەشەی پەیامەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بسڕێتەوە، کە تێیدا داوای لێبوردنی کردبوو.
جەنگی جێنشینی؛ کێ دەبێتە میراتگری خامنەیی؟
لە تاریکایی ژوورە داخراوەکانی تاراندا، کێبڕکێیەکی توند بۆ پڕکردنەوەی کورسییەکەی خامنەیی دەستی پێکردووە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە، پیاوانی ئایینی هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە بڕیار لەسەر ڕێبەری نوێ بدەن.
هەرچەندە (موجتەبا خامنەیی) بەهۆی پشتیوانیی سوپای پاسداران و تۆڕە بەهێزەکەی باوکییەوە وەک بەهێزترین بەربژێر دەردەکەوێت، بەڵام "گەنجی و بێئەزموونی" ناوبراو بووەتە مایەی نیگەرانیی بەشێک لە سەرکردە دێرینەکان و باڵە میانڕەوەکان.
پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا جێگرەوەکە دەتوانێت کۆنترۆڵی ئەو سوپایە بکات، کە ئێستا خۆی بە "خاوەنی ماڵ" دەزانێت؟
ئەلێکس ڤاتانکا، توێژەری پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆخەکە بە کورتی دەخاتەڕوو، ئەو دەڵێت، "لە کاتی جەنگدا دەمامکەکان دەکەون؛ دەنگی یەکلاکەرەوە هی سیاسەتمەداران نییە، بەڵکو هی سوپای پاسدارانە".
لە ئێستادا وڵات لەلایەن ئەنجومەنێکی کاتییەوە بەڕێوە دەبرێت، کە پزشکیان و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری لەخۆ دەگرێت، بەڵام تەنانەت ئەم ئەنجومەنەش یەکدەنگ نین، غوڵام حسێن موحسینی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، بە پێچەوانەی زمانی نەرمی سەرۆککۆمار، هەڕەشەی بەردەوامبوونی "لێدانی بەهێز" بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە دەکات.
لەم نێوەندەدا، دۆناڵد تڕەمپ، لە لێدوانێکدا، مەترسییەکانی سەر تارانی زیاتر کردووە، ڕایگەیاند: "لە ماوەی تەنها سێ ڕۆژدا 42 کەشتیی هێزی دەریایی ئێرانمان تێکشکاندووە".
ئێران ئێستا لەبەردەم دوو بەرەی ئاگراویدایە، بۆردومانی بێوچانی دەرەکی، کە ژێرخانی سەربازیی وڵاتەکەی کردووەتە ئامانج و ململانێی ناوخۆیی، کە هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی یەکڕیزیی ڕژێم دەکات، ئەوەی ڕوونە، لە غیابی "دواهەمین ناوبژیوان" (خامنەیی)، ئێران بەرەو قۆناغێک دەڕوات، کە تێیدا تفەنگەکان قسەی کۆتایی دەکەن نەک دیپلۆماسییەت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color