گرنگ

 گرنگ

نەتانیاهۆ: لە "کۆنترۆڵی تەواوەتی" بەسەر ئاسمانی ئێراندا نزیک بووینەتەوە

2026-03-08

 

#بوار
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە وتارێکدا، کە ئاراستەی گەلەکەی کرد، جەختی کردەوە ئیسرائیل و ئەمریکا لە بەدەستهێنانی کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر ئاسمانی ئێراندا نزیک بوونەتەوە.
بەپێی ڕۆژنامەی "جيرۆزاليم پۆست"، نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامدراون، بە ئاگاداری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بووە سەبارەت بە قەبارەی ئەو مەترسییەی ئێران نەک تەنها بۆ سەر ئەمەریکا، بەڵکو بۆ سەر تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروستی دەکات.
نەتانیاهۆ وتی: "مەترسی ئەوە هەبوو، کە ئێران سەرەتا هێرش بکاتە سەر ئامانجە ئەمەریکییەکان لە ناوچەکە و ئیسرائیل، لەبەرئەوە بڕیارماندا ئێمە دەستپێشخەری بکەین و یەکەم هەنگاو بنێین."
هەروەها وتی: "ئێمە ئیسرائیلمان کردووەتە هێزێکی هەرێمی، هەموو ئەمانە پێویستیان بە ئازایەتی و دەستپێشخەری و ڕیسککردن هەیە"، ئاماژەشی بەوە کرد، ئەمە یەکێک بووە لە ئامانجەکانی حکومەتەکەی لەوەتەی بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر ئیسرائیل.
ڕوونیشیکردەوە: "وەک چۆن دوو ڕۆژ دوای 7ـی ئۆکتۆبەر بەڵێنم دا، ئێمە سیمای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین، بەڵام نەک تەنها سیمای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو خۆیشمان دەگۆڕێین، گرتنەدەستی دەستپێشخەری و کارە لەناکاوەکانمان هاوکێشەی هێزی لە نێوان ئێمە و دوژمنەکەماندا بە شێوەیەکی ڕیشەیی گۆڕی."
نەتانیاهۆ باسی لە چەندین ئامانج کرد، كة سوپای ئیسرائیل لە یەکەم ڕۆژی جەنگەکەدا بەدەستی هێناون، ئەوانیش: کوشتنی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران، تێکشکاندنی سەدان مووشەکی بالیستی و سەکۆی مووشەکی، هەروەها باڵادەستیی نزیکەی تەواوەتی بەسەر ئاسمانی تاراندا.
هۆشداریشی دایە حکومەتی لوبنان و وتی: "بەرپرسیارێتی ئێمە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست و چەککردنی حیزبوڵڵایە، ئەگەر ئێوە ئەمە نەکەن، دەرەنجامی زۆر خراپی بۆ لوبنان دەبێت، خۆتان کۆنترۆڵی چارەنووسی خۆتان بکەن."
بەپێی ئاژانسی هەواڵيی ئەڵمانی، نەتانیاهۆ وتوویەتی: "پلانێکی ڕێکخراومان هەیە، کە پڕە لە سوپرایز بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ڕژێمی (ئێران) و ڕەخساندنی هەل بۆ گۆڕینی، چەندین ئامانجی دیکەمان هەیە."
نەتانیاهۆ لە کۆتایی وتەکەیدا جەختی کردەوە: "بە هەموو هێزمانەوە بەردەوام دەبین لە جوڵەکانمان تا دەگەینە ئامانجەکانمان."

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color