سکرتێری کۆمەڵە مەرجێکی ستراتیژی و یەکلاکەرەوە بۆ دەستپێکردنی جەنگی زەمینی دژی ئێران ئاشکرا دەکات و نەخشەڕێگای گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵات دەخاتە ڕوو.
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت و گرنگدا لەگەڵ ڕۆژنامەی بەناوبانگی (WELT)ـی ئەڵمانی، ڕەزا کەعبی، سکرتێری کۆمەڵە، پەردەی لەسەر ئامادەکارییە سەربازییەکان و پلانی هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵدایەوە و ڕایگەیاند، ئامانجی کۆتاییان "ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێرانە".
کەعبی بە ڕۆژنامە ئەڵمانییەکەی ڕاگەیاندووە، هێزەکانیان لە ئێستادا لە سێ کەمپی سەرەکی جێگیر بوون و ئاستی ئامادەباشییان لە لووتکەدایە. ناوبراو ئاشکرای کرد، "تەنها ئێمە 1000 پێشمەرگەمان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت ئامادەیە و لە چاوەڕوانی دەستپێکردندان."
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی جووڵەی سەربازی بەرەو ناوخۆی ئێران، سکرتێری کۆمەڵە مەرجێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی خستە ڕوو، ئەو جەختی کردەوە، بۆ ئەوەی هێرشی زەمینی دەست پێ بکات، پێویستە "ناوچەی دژەفڕین" لەسەر ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست بکرێت.
کەعبی هۆکاری ئەم مەرجەی بۆ پاراستنی هاوسەنگی هێز گەڕاندەوە و وتی: "ئەم هەنگاوە زەروورەتێکی حەیاتییە بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لەوەی ئێران لە ڕێگەی هێرشە ئاسمانییەکانەوە هەژموونی سەربازیی خۆی بسەپێنێت و ڕێگری لە پێشڕەوییەکانمان بکات."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڕەزا کەعبی ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر مەرجەکان (بە تایبەت دژەفڕین) دابین بکرێن، هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات توانای ئەوەیان دەبێت لە هەرێمی کوردستانەوە بگەڕێنەوە بۆ قوڵایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گۆڕەپانی خەبات بگوازنەوە.
سەبارەت بە دیدگای سیاسی و ئایندەی ئێرانیش، کەعبی ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئامانجی ئێمە تەنها گۆڕینی دەسەڵات نییە، بەڵکو بونیادنانی ئێرانێکی دیموکراتیک، عەلمانی و فیدراڵییە کە مافی سەرجەم پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت.
