گرنگ

 گرنگ

ترەمپ تووڕەیە و ئیسرائیلیش هەڕەشەی "کوشتن" لە موجتەبا خامنەیی دەکات

2026-03-09

 

#بوار
لە نێوەندی بۆردومانە چڕەکان و بەرزبوونەوەی دووکەڵی ڕەش بەسەر ئاسمانی تاراندا، ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران لە هەنگاوێکی پڕ سەرکێشیدا "موجتەبا خامنەیی" وەک ڕێبەری باڵای نوێی کۆماری ئیسلامی دەستنیشان کرد.
ئەم بڕیارە دەستبەجێ کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە؛ دۆناڵد ترەمپ بە تووڕەییەوە پێشوازی لێکرد و ئیسرائیلیش هەڕەشەی ڕاستەوخۆی تیرۆرکردنی ئاراستەی ڕێبەرە نوێیەکە کرد.
ترەمپ و خەونی "تەسلیمبوونی بێمەرج" هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی، کە بە یەکێک لە "کەڵەپیاوانی باڵی توندڕەو" و خاوەن هەژموونی سەربازی دادەنرێت، وەک زەنگێکی مەترسیدار بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لێکدەدرێتەوە.
ترەمپ، کە پێشتر بە ئاشکرا ڕایگەیاندبوو، دەبێت ڕۆڵی هەبێت لە دیاریکردنی شێوەی دەسەڵاتی داهاتووی ئێران، ئێستا ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوەیەکی حەتمى بووەتەوە لەلایەن تارانەوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەم هەواڵە تووڕەیی ترەمپی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت ناوبراو فشار دەکات بۆ "تەسلیمبوونی بێمەرج"ـی تاران، بەڵام محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاند: "بەدوای ئاگربەستدا ناگەڕێین و سزای دەستدرێژیکاران دەدەین".
هاوکات لەگەڵ دانانی جێگرەوەی عەلی خامنەیی (کە خۆی لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژرا)، تەلئەبیب پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی تاران کرد.
سوپای ئیسرائیل بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند، هەر کەسێک بۆ پۆستی ڕێبەری باڵا دەستنیشان بکرێت، "ئامانجێکی ڕەوایە" و دەکرێتە ئامانجی هێرشەکان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی موجتەبا خامنەیی لە یەکەم ڕۆژی دەسەڵاتییەوە لەژێر مەترسیی مووشەکەکانی ئیسرائیلدایە.
ئێستا دۆخەکە بەرەو تەقینەوەی گەورەتر دەچێت. سوپای ئەمریکا دان بە کوژرانی حەوتەمین سەربازی خۆیدا دەنێت لە ئەنجامی هێرشە پێچەوانەکانی ئێران، لە بەرامبەردا، ئاسمانی تاران بەهۆی بۆردومانی کۆگا نەوتییەکانەوە بە دووکەڵی ژەهراوی داپۆشراوە و ئیسرائیل بەڵێنی داوە "بەبێ بەزەیی" لە فەرمانڕەوایانی ئێران بدات.
ئاگری ئەم جەنگە تەنها لە ئێران و ئیسرائیل نەوەستاوە، بەڵکو پەڕیوەتەوە بۆ وڵاتانی کەنداو؛ مووشەک و درۆنە ئێرانییەکان بە چڕی سعودیە، ئیمارات، کوەیت و بەحرەینیان کردووەتە ئامانج و بۆ یەکەمجار هێرش کراوەتە سەر وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو، کە ئەمەش نیشانەی گۆڕانی ستراتیژی جەنگەکەیە بۆ لێدانی ژێرخانی هەستیار.
لەم کاتە هەستیارەدا، هەموو چاوەکان لەسەر موجتەبا خامنەییە، کە ئایا دەتوانێت لەژێر هەڕەشەی کوشتن و تووڕەیی ئەمریکادا، وڵاتەکەی لەم گێژاوە ڕزگار بکات، یان چارەنووسی ئەویش وەک باوکی دەبێت؟

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color