#بوار
موجتەبا خامنەیی دیمەنی سیاسی ئێران داگیر کرد، دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە وەک سێیەمین ڕێبەری وڵات، لە شوێنی عەلی خامنەیی باوکی دیاری کرا، کە کۆتا رۆژى شوباتى رابردوو لە هێرشێکدا بۆ سەر کۆمەڵگەکەی لە تاران تیرۆر کرا.
ئێستا چاوەکان لەسەر ڕێڕەوی موجتەبان لە ناو بازنەکانی دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران و پەیوەندییەکانی لە ناو دامەزراوەی ئاینی و سوپای پاسداران، بۆ تێگەیشتن لەو کەسایەتییەی، کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە پشت پەردەوە کاریگەر بووە سەرەڕای کەمی دەرکەوتنی ئاشکرا.
بەپێی راپۆرتە ڕۆژئاواییەکان، موجتەبا خامنەیی (56 ساڵ)، لەمێژە بە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی ناو ڕژێمی دەسەڵاتداری ئێران دادەنرێت، سەرەڕای ئەوەی بە دەگمەن دەردەکەوێت یان پۆستێکی سیاسی فەرمی هەیە.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی کاتی لە ئێران، درەنگانی شەوی یەکشەممە ڕایگەیاند، موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران، وەک جێگرەوەی باوکی و ڕێبەری باڵا لە تاران دیاری کراوە.
ئەو دووەم کوڕی ڕێبەری باڵایە، کە هەفتەی ڕابردوو کوژرا، ساڵی 1969 لە شاری مەشهەد لەدایکبووە، کە ناوەندێکی ئاینی گرنگە لە ئێران.
موجتەبا کەسایەتییەکی لێڵ و نهێنییە لە ناو ئێراندا، لە ڕۆژی شەممەوە دەرنەکەوتووە، کاتێک هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بووە هۆی کوژانى باوکی و هاوسەرەکەی (زەهرا حەداد عادل)، کە لە خێزانێکە مێژوویەکی درێژیان هەیە لە پشتیوانی ڕژێمی ئێران.
موجتەبا بە پەیوەندییە توندوتۆڵەکانی لەگەڵ سوپای پاسداران ناسراوە، نزیکەی ساڵی 1987 دوای تەواوکردنی خوێندنى ئامادەیی پەیوەندی بە ریزە سەربازییەکانەوە کردووە، لە کۆتا ماوەی جەنگی درێژخایەنی ئێران و عێراق لە نێوان ساڵانی 1980 و 1988 خزمەتی کردووە، کە ساڵی دواتر باوکی وەک ڕێبەری باڵا لە شوێنی خومەینی دیاری کرا.
لە کاردانەوەى هەڵبژاردنى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، دەخوازێت بەشداری لە هەڵبژاردنی ڕێبەری داهاتووی ئێراندا بکات و پێیوایە دیاریکردنی موجتەبا کوڕی عەلی خامنەیی بۆ جێگرەوەی باوکی، ئەنجامێکی قبوڵنەکراوە.
پیاوی سێبەری پشت پەردە
موجتەبا خامنەیی درێژەی بە خوێندن دا لەسەر دەستی زانایانی ئاینی دیار لە قوم، دواتر وەک مامۆستا لە یەکێک لە حەوزە ئاینییەکان کاری کرد، پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ سەرکردە ئاینییەکان دروست کرد و پێگەیەکی دیاری لایان بەدەستهێنا.
بەڵام کەسایەتییەکی ناسراو نەبوو، لە نهێنیدا کاری دەکرد بە بەڕێوەبردنی نووسینگەی ڕێبەری باڵا (باوکی) لە پشت پەردەوە و لە دەیەکانی ڕابردوودا بە دەگمەن لە هەواڵەکاندا دەردەکەوت.
ڕەنگە دیاریکردنی ببێتە هۆی ناڕەزایەتی لە ئێران، چونکە شۆڕشی 1979 شای ئێران محەمەد ڕەزا پەهلەوی ڕووخاند بۆ کۆتایی هێنان بە گواستنەوەی دەسەڵات بە میرات و حوکمی پیاوانی ئاینی شوێنی گرتەوە، بەڵام دیاریکردنی موجتەبا بیرۆکەی "حوکمڕانی بە میرات" دەهێنێتەوە یاد ئێرانییەکان.
دانانی خامنەیی کوڕ لەو پۆستەی باوکی هەیبوو، ڕەنگە تووڕەیی ئێرانییەکان لێبکەوێتەوە، کە پێشتر لەمساڵدا دژی دۆخی ئابووری ڕژانە سەر شەقامەکان، لە ناوەڕاستی ئەو ڕاپۆرتانەی باس لەوە دەکەن، کە موجتەبا و خێزانەکەی دەستیان دەگات بە ملیارەها دۆلار و سەرمایەی بازرگانی کە لە زۆرێک لە دامەزراوە خێرخوازییەکانی ئێران بڵاوبوونەتەوە، کە لەلایەن پیشەسازییە حکومییەکان و سامانەکانی دیکەوە پارەدار دەکرێن کە هی شا بوون، لەو کاتەوەی باوکی ساڵی 1989 بووە ڕێبەر.
هێزی شاراوەی خامنەیی
دەسەڵاتی موجتەبا هاوتەریب لەگەڵ دەسەڵاتی باوکی گەشەی کرد لە ڕێگەی کارکردنی لە نووسینگەکانیدا لە ناوەڕاستی تاران، بەڵگەنامە دیپلۆماسییە ئەمریکییەکان، کە "ویکیلیکس" لە کۆتایی دەیەی یەکەمی هەزارەی دووەم بڵاوی کردەوە، ئاماژەیان بە خامنەیی کوڕ دەکرد وەک "هێزی شاراوەی پشت عەبا"، وەسفیان کردووە
یەکێک لە بروسکەکان بانگەشەی ئەوەی دەکرد موجتەبا خامنەیی گوێی لە تەلەفۆنی باوکی گرتووە و وەک "پاسەوانی سەرەکی" ئەو کار دەکات و بنکەی دەسەڵاتی تایبەتی خۆی دروست دەکات.
لە بروسکەیەکی ساڵی 2008ـدا هاتووە: "لە ناو ڕژێمدا بە فراوانی وا سەیر دەکرێت سەرکردە و بەڕێوەبەرێکی لێهاتوو و یەکلاکەرەوەیە، ڕەنگە ڕۆژێک بەشێک لە سەرکردایەتی نیشتمانی بە میرات وەربگرێت؛ ڕەنگە باوکیشی بەو شێوەیە بیبینێت".
پێشتر بەپێی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بە گێڕانەوە لە سێ بەرپرسی ئاگاداری ئێرانی، موجتەبا خامنەیی وەک بژاردەی سەرەکی بۆ جێگرەوەی باوکی دەرکەوتووە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، خامنەیی بە نزیکی لەگەڵ سوپای پاسداران کاریکردووە، چ لەگەڵ فەرماندەکانی "فەیلەقی قودس" یان هێزەکانی "بەسیج"، کە ڕووبەڕووی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان بوونەوە لە مانگی کانوونی دووەم.
ئەمریکا لە ساڵی 2019 و لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ سزای بەسەردا سەپاند، بە تۆمەتی کارکردن بۆ "بەهێزکردنی ئامانجە ناوخۆییە سەرکوتکەرەکان و ئاواتە هەرێمییەکانی باوکی".
ئەم سزایانە بانگەشەی ئەوەش لەخۆ دەگرن، کە موجتەبا خامنەیی لە پشت پەردەوە پشتیوانی لە هەڵبژاردنی مەحمود ئەحمەدی نەژاد کردووە لە 2005 و هەروەها دووبارە هەڵبژاردنەوەی مشتومڕهەڵگرەکەی لە ساڵی 2009، کە بووە هۆی هەڵگیرسانی ناڕەزایەتییەکانی "بزووتنەوەی سەوز".
