بوار
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردەوە، هەندێک لە ڕاوێژکارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە نهێنی هانی دەدەن، پلانی چوونە دەرەوە لە جەنگی ئێران ڕابگەیەنێت.
ڕۆژنامە ئەمریکییەکە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە، کە ناویان نەهێناوە، ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم ڕاوێژکارانە فشار دەخەنە سەر ترەمپ بۆ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە، سوپا "تا ئاستێکی زۆر ئامانجەکانی لە جەنگەکە پێکاوە".
لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەمریکا لیستی جیاوازیان بۆ ئامانجەکانی جەنگەکە خستووەتەڕوو، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بریتین لە، لەناوبردنی بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران و تێکشکاندنی هێزی دەریایی و ڕاگرتنی پاڵپشتییەکانی تاران بۆ بریکارەکانی لە ناوچەکەدا، لەگەڵ ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
ئەم ڕاپۆرتە یەکدەگرێتەوە لەگەڵ لێدوانێکی ڕۆژی دووشەممەی سەرۆکی ئەمریکا، کە تیایدا ڕایگەیاند "جەنگی دژی ئێران بەم زووانە کۆتایی دێت"، بەبێ ئەوەی کاتێکی دیاریکراو بۆ ئەوە دەستنیشان بکات، هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە، هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئامانجەکانی خۆیان پێکاوە.
بەڵام کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، بە توندی ڕاپۆرتەکەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ڕەتکردەوە و وتی: "ئەم چیرۆکە پڕە لە قسەی بێمانای سەرچاوە نەناسراوەکان، دڵنیاتان دەکەمەوە ئەمە لای ترەمپ بوونی نییە".
وتیشى: گەورە یاریدەدەرەکانی سەرۆک بەردەوام و لەسەرتاسەری کاتەکاندا سەرنجیان لەسەر ئەوەیە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە بە سەرکەوتوویی بمێنێتەوە، لە کۆتاییدا فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان کاتی کۆتاییهاتنی ئەم ئۆپەراسیۆنانە دیاری دەکات."
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک لە یاریدەدەرەکانی ترەمپ هۆشدارییان پێداوە، جەنگێکی درێژخایەن کاریگەری نەرێنی لەسەر جەماوەرییەکەی دەبێت، تەنانەت ئەگەر کۆمارییەکانیش لە ئێستادا پشتگیری لە هێرشەکانی سەر ئێران بکەن.
هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو، ڕاوێژکارە پەیوەندیدارەکان پەیوەندییان لەلایەن کۆمارییەکانەوە پێگەیشتووە، نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە کاریگەرییەکانی جەنگەکە لەسەر هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی داهاتوو لە ئەمریکا.
بەپێی ڕۆژنامەکە، لەسەر ئەو بنەمایە، یاریدەدەرەکانی ترەمپ پێیانوایە پێویستە پلانێکی ڕاگەیاندنی توندتر بۆ پڕوپاگەندەکردنی جەنگەکە دابڕێژرێت، بەتایبەتی لە سایەی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی.
لە وەڵامی ڕاپۆرتەکەشدا، لیڤیت وتی: "زۆرینەی ڕەهای ئەمریکییەکان پشتگیری لە کۆتاییهێنان بەو هەڕەشەیە دەکەن، کە ڕژێمی ئێران دروستی دەکات، هەروەها پشتگیری لە کوشتنی تیرۆریستان دەکەن، ئەمەش ئەوەیە ترەمپ هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات."
لە لایەکى دیکەوە ڕاپرسییەکان دەریدەخەن، زۆرینەیەکی ئەمریکییەکان دژی جەنگن، بۆچوونەکانیش تا ئاستێکی زۆر لەگەڵ ئینتیما حزبییەکاندا یەکدەگرنەوە.
سەرەڕای نیگەرانی هەندێک لە ڕاوێژکارەکانی، بەرپرسانی ئیدارەکە بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، پێناچێت جەنگەکە کۆتایی بێت تا ئەو کاتەی ئێران بەردەوام بێت لە هێرشکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە، تا ئەو کاتەی ئیسرائیل بیەوێت بەردەوام بێت لە لێدانی ئامانجەکان لە ناوخۆی ئێران.
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا بە "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ڕاگەیاندووە: "ترەمپ لە شەڕکردن ناوەستێت تا سەرکەوتنێکی جێگەی ڕەزامەندی بەدەست نەهێنێت، بەتایبەتی لەگەڵ باڵادەستیی سەربازیی ئەمریکا."
ڕۆژنامەکە پشتی بە سەرچاوە ئاگادارەکانی ناو پلانەکانی ترەمپ بەستووە، ناویان نەهێنراوە و دەڵێت، ترەمپ سەرسامە بە خۆنەدەستەوەدانی ئێران سەرەڕای هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
