گرنگ

پەیامە هۆشدارییەکەی واشنتن بۆ بەغدا؛ مارکۆ رۆبیۆ داوایەکی بەپەلە ئاراستەی سودانی دەکات و سەرکۆنەی هێرشەکان دەکات

2026-03-10

 
پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی هەستیار لە نێوان مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامدرا، پەیوەندییەکە هەڵگری پەیامێکی روون و ئاگادارکردنەوەیەکی توندی واشنتن بوو بۆ بەغدا سەبارەت بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، لە بەرامبەریشدا عێراق جەختی لە بێلایەنی و پاراستنی سەروەرییەکەی کردەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە لەسەر زاری تۆمی پیگۆت، جێگری وتەبێژی وەزارەتەکە بڵاوکراوەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیامێکی راستەوخۆ و هۆشدارییەکی دابووە سەرۆکوەزیرانی عێراق.
هەر بە گوێرەى راگەیەنراوەکە، رۆبیۆ بە توندی سەرکۆنەی ئەو "هێرشە تیرۆریستییانە"،ی کردووە، کە لەلایەن ئێران و میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتەوە لە ناوخۆی عێراق ئەنجام دەدرێن، بەتایبەتی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوایەکی بەپەلەی خستووەتە بەردەم سودانی و پێی راگەیاندووە؛ "پێویستە حکومەتی عێراق تەواوی رێکارە پێویست و گونجاوەکان بگرێتەبەر بۆ پاراستنی گیانی دیپلۆماتکارانی ئەمریکی و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق و دڵنیایی بدات لە سەلامەتییان لە هەر هەڕەشەیەک."
لە بەرامبەر پەیامەکەی واشنتن، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵوێستی فەرمی بەغدای ئاشکرا کرد، کە تێیدا سودانی هەوڵیداوە دڵنیایی بداتە ئەمریکا و جەختی کردووەتەوە، عێراق پابەندە بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان، باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان و ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەمە لە چەقی ئەرکەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراقە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە.
هەروەها سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە لەسەر گرنگیی مسۆگەرکردنی ئەوەی ئاسمان، وشکانی و ئاوەکانی عێراق بەکارنەهێنرێن بۆ هیچ کارێکی سەربازی دژی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە.
هاوکات سودانی بە روونی رایگەیاندووە، عێراق، بە هەموو دەسەڵات و هێزە سیاسییەکانییەوە، رەتیدەکاتەوە تێوەبگلێت لە ململانێ سەربازییەکان یان بکرێتە بەشێک لە ململانێی لایەنەکان، هەروەها بەزاندنی ئاسمانەکەی لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێت رەتدەکاتەوە.
سەرەڕای گرژییە ئەمنییەکان، هەردوولا پرسی ئابوورییان فەرامۆش نەکردووە، بەپێی راگەیەنراوەکان، لە پەیوەندییەکەدا تاوتوێی دەستپێکردنەوەی کارەکان و کارپێکردنەوەی هێڵی بۆری نەوتی عێراق بۆ هەناردەکردن لە رێگەی خاکی تورکیاوە کراوە، کە پرسێکی گرنگە بۆ سەقامگیریی بازاڕی وزە و ئابووریی عێراق.
ئەم گفتوگۆیە لە کاتێکدایە کە واشنتن دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی حکومەتەکەی سودانی توانای سەپاندنی یاسا و کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکەی هەیە، بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت عێراق ببێتە پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە.
 
 
 
 
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color